سەرۆك وەزیرانی پێشوی ژاپۆن لەدوای تەقەلێكردنی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا
  2022-07-08       586       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی، لەكاتی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لە كەمپەینێكی هەڵبژاردندا لە یەكێك لە شارەكانی ژاپۆن تەقەی لێكرا، شینزۆ ئابی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی ژاپۆن كەمێك لەمەوبەر لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی قسەی بەرپرسێك لە حزبەكەی ئابی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

میدیای رەسمی ژاپۆن، رایگەیاندوە، شێنزۆ ئابی، سەرۆك وەزیرانی پێشو، لە نەخۆشخانەی كاشیهارا لە ناوچەی نارا لە تەمەنی 67 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شینزۆ ئابی، لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە شاری "نارا" لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراو بەپەلە بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن پێشتر راگەیاند، شینزۆ ئابی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوەو "دۆخی تەندروستی زۆر سەختە."

بەپێی ئاژانسەكان، شینزۆ ئابی، دو جار تەقەی لێكراوە، گولـلەی یەكەمی بەر نەكەوتوەو گولـلەی دووەم پشتی پێكاوەو كەوتۆتە سەر زەوی.

پۆلیس تەقەكەرەكەی دەستگیركردووە كە كەسێكی 41 ساڵانەو لەدوای تەقەكردنەكە هیچ هەوڵێكی هەڵاتنی نەداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×