محەمەد بن سەلمان: كۆمەڵێك رێككەوتن هەیە بۆ دابیكردنی كارەبا بۆ عێراق
  2022-07-16       533       

بە ئامادەبونی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەری وڵاتان، لوتکەی جەددە دەستی پێكردو محەمەدج بن سەلمان، جێنشینی سعودیە رایگەیاند، "کۆمەڵێک رێککەوتن لەنێوان عێراق و وڵاتانی عەرەبی هەن لەبارەی کەرتی کارەبا، بۆ ئەوەی بە جۆرێک وزەی کارەبا بۆ عێراق دابین بکەین."

ئاوێنە: محەمەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە لە وتەی دەستپێکردنی لوتکەی جەددە رایگەیاند: "ئەم لوتکەیە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکەمان روبەڕوی چەندین ئالنگاری بوەتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی هەمەلایەنە هەیە لە چوارچێوەی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان، هەروەها پاراستنی خاکی وڵاتان، بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بەرژەوەندی ئابوری هاوبەش پێویستمان بە هەماهەنگی هەیە".

وتیشی: "ئێمە لە چرکەساتێکی هەستیاری مێژوییداین لە ناوچەکە بەهۆی قەیرانی ئابوری و پەتای کۆرۆنا، کێشەی ژینگەیە و گۆڕانکاری کەشوهەوا کێشەیەکی دیکەیە روبەڕومان بوەتەوە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی پاریس ئەرکی هەمومانە پێکەوە روبەڕوی مەترسییەکان ببینەوە".

محەمەد بن سەلمان، راشیگەیاند: "بەرزبونەوەی نرخی وزە کاریگەری نێودەوڵەتی و سیاسی و ئابوری دەبێت، جۆرێک لە برسیەتی بەدوای خۆی دا دێنێت، بۆیە پێویستە سود لە هەمو سەرچاوەکان بکەین کە هاوکارن بۆ کۆمەڵگە و بازاڕی نێودەڵەتی، بۆیە سعودیە دەیەوێت پشت ببەستێ بە ستراتیژێک کە خزمەت بە ژینگە بکات. رێژەیەکی نەوت بخاتە بازاڕەوە کە تێکچون لە ئاستی نێودەوڵەتی دروستبێت، سعودیە لەو بوارە سود وەردەگرێت و رێژەی بەرهەمێهنانی نەوت زیاد دەکات بۆ 13 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە راستیدا داهاتوی وزە بەردەوام لە گەشەکردن دا دەبێت، ئێمە بەجۆرێک ئیش دەکەین سەقامگیری نێودەوڵەتی دروست بکات".

راشیگەیاند: "داوا لە ئێران دەکەین وەک وڵاتێکی دراوسێ هاوکارمان بێت لە روی پابەندبون بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، هەروەها هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و هەمو ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە رۆڵی ئێران، دەخوازین وەک دەوڵەتێکی دراوسێ بێتە پێشەوە و هاوکارمان بێت".

لەبارەی عێراق، جێنشی شای سعودیە وتی: "کۆمەڵێک رێککەوتن لەنێوان عێراق و وڵاتانی دەوڵەتی عەرەبی هەن لەبارەی کەرتی کارەبا، بۆ ئەوەی بە جۆرێک وزەی کارەبا بۆ عێراق دابین بکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×