رووسیا نیازی کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی هەیە
  2022-07-17       675       

جارێکی تر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر زاری جەیک سولیڤانی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە کە رووسیا نیازی کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی هەیە.

 جەیک سولیڤانی ئاشکراشی کردووە کە بۆ مەبەستەش شاندێکی سەربازیی روسی سەردانی نمایشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان لەیەکێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە کردووە بۆئەوەی توانا هێرشبەرییەکانی ئەو فڕۆکانەیان بۆ دەربکەوێت.

هەفتەی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە زانیارییە هەواڵگرییەکانیان ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە ئێران ئامادەکاریی دەکات بۆئەوەی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رادەستی رووسیا بکات بۆئەوەی لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت، بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە.

لەوچوارچێوەیەشدا، رۆژی شەممە جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا وتی: لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زانیارییانە دەکەین کە باس لەوەدەکەن کە مانگی رابردوو شاندێکی فەرمیی رووسیی دووجار بەشداریی نمایشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان کردووە کە خاوەن توانای هێرشبەریین.

بە وتەی سولیڤان، ئەو وێنانەی لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە گیراون ئەوە پیشان دەدەن کە لە هەشتی مانگی شەشی ئەمساڵ شاندێکی رووسیی لە فڕۆکەخانەی کاشان نمایشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان کردووە، هەروەک لە 5 ی مانگی حەوتیشدا شاندێکی رووسیی دووبارە سەدانی هەمان فڕۆکەخانەیان کردووە بۆئەوەی ئامادەی نمایشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ببن.

ئەوەش هاتووە کە ئێران دڕۆنی "شاهید 191" و "شاهید 129" یان پیشانی شاندە رووسییەکەداوە کە هەردوو دڕۆنەکە توانای هەڵگرتن و ئاراستەکردنی مووشەکی ورپێکیان هەیە.

رۆژی هەینی رابردوو هاوکات لەگەڵ سەردانی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئێران یەکەم هێزی دەریایی هەڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە زەریای هیندیی راگەیاند کە هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی نوێ و پێشکەوتووی ئەو وڵاتەی لەخۆگرتووە.

رۆژی شەممەش بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند کە رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو گرەو لەسەر پشتیوانییەکانی ئێران دەکات،  بەڵام واشنتۆن گرەو لەسەر رۆژهەڵاتێکی تەواوکار و سەقامگیر و ئاشتیخواز و گەشاوە دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×