مەزهەری خالقی، دوای 38 ساڵ دەگەڕێتەوە سنە
  2019-07-01       4011       

بۆ بەشداریكردن لە یەكەمین كۆنگرەی ناودارانی كورد، مەزهەری خالقی، هونەرمەندی ناوداری كورد، دوای 38 ساڵ دەگەڕێتەوە شاری سنە-ی رۆژهەڵاتی كوردستان كە شوێنی لەدایكبونییەتی.

ئاوێنە: بڕیارە یەكەم كۆنگرەی ناودارانی كورد، سبەی لە شاری سنە دەست بەكارەكانی بكات كە بۆ ماوەی دو رۆژ بەردەوام دەبێت و بەڕێوەبەرانی كۆنگرەكەش چەندین كەسایەتی دیاری كوردیان لەدەرەوەی ئێران بانگهێشت كردوە، مەزهەری خالقی، هونەرمەندی ناوداری كورد یەكێكە لە بانگهێشتكراوەكان.

ئێوارەی ئەمڕۆش مەزهەری خالقی گەڕایەوە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای سنەوە پێشوازی لێكرا.

بەهمەن موراد نیا، پارێزگاری کوردستان(سنە) ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆنگرەیەكی  ڕۆژنامەوانیدا لە زانکۆی کوردستان لەسنە، ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی پاسپۆرتی عێراقی یان ئێرانی نەبوە و تەنیا پاسپۆرتی بریتانی هەبوە، کێشە بۆ دەرکردنی ڤیزاکەی سازبوە کە بە خۆشحاڵیەوە کێشەکە لە ئێران چارەسەر بوە.

وتیشی: پێوشوێنگیری بەردەواممان کرد بۆ چارەسەریی کێشەی ڤیزای مامۆستا خالقی و بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ هەواڵیان پێدام کە ڤیزایان بۆ دەرکراوە.

ئەوەشی راگەیاند کە هاتنەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی دوای ۳۸ ساڵ بۆ شاری سنە ، زێدی لە دایکبونی ئەو  گەورە هونەرمەندەی کورد، جێگای خۆشحاڵی هەموانە و سنە باوەشی بۆ مامۆستا خالقی کراوەیە.

بڕیارە لە كۆنگرەی ناودارانی كورددا ڕێز لە ۳۰ هونەرمەند و بلیمەتی ناوداری کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست، هونەر و فەرهەنگ و وەرزش و ئەدەبیات بگیردرێت کە یەکێکیان مامۆستا مەزهەر خالقیە.

مەزهەری خالقی، كە ئێستا لەسلێمانی دەژی، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی كەلەپوری كوردە و لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار میلۆدی کۆکردوەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپکردوە و بڵاوبوەتەوە.

مەزهەری خالقی ساڵی 1938 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوە، لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردوە و دواتر چوەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بوە.

ساڵی ١٩٨٣ بە ھۆی باری نالەباری ئێران، ڕوی لە باشوری کوردستان کردوە ، پاش شەش مانگ وەک پەنابەر ڕوی لە ئەوروپا کردوە. ساڵانی ١٩٨٦-٢٠٠٢ لە شاری لەندەن ژیاوە و ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد بوە، بۆ ماوەی سێ خولیش وەک سەرۆکی ئەو ناوەندە کەلتورییە، بە خۆبەخش خزمەتی کردوە.

مەزھەر خالقی لە نیوەی دوەمی ساڵی ٢٠٠٢دا، کاتێک بارودۆخی باشوری کوردستان تا ڕادەیەک جێگیر ببو، گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×