ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکرد، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر کردووەو لەسەر ئاستی دیزاینو بەرهەمهێنانی درۆنی سەربازییشدا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک ئێستا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە هەر لەچوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەماونەتەوە، بەڵکو چەندین وڵاتی تری جیهانی ئەو جۆرە فڕۆکەیان لەئێران کڕیوەو بەکاریدەهێنن.
ئاوێنه: ڕۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت:"ئێران خەریکە دەبێتە یاریزانێکی ناوچەیی لەهەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕاستی بوونی فڕۆکەی نوێی موهاجیر-6 لەشوێنەکانی وەک قۆچی ئەفریقیا، دەیسەلمێنێت کە وڵاتان گۆڕانکاریی لەیاساکانی یارییەکەدا دەبینن، ئێرانیش هەوڵدەدات لەڕێگای فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی بەوڵاتانی جیهان لەناویاندا ئەوانەی کەوتونەتە ژێر گەمارۆکانەوە وەک سودانو ڤەنزوێلا هەژموونی خۆی لەجیهاندا زیادبکات".
ئەوەش هاتووە، "ئەو گرێبەستانە سەرچاوەیەکی دارایی گرنگو مایەی دەسەڵاتن بۆ تاران کە لەجیهاندا بەدەست گۆشەگیرییەوە دەناڵێنێتو هەوڵدەدات بەسەر کۆتوبەندە داراییەکانی ئەمریکادا زاڵبێت، بۆئەوەش دەکرێت ڕوسیا کڕیارێکی گریمانکراوی ئەو فڕۆکانەی ئێران بێت".
مانگی ڕابردووش دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد، مۆسکۆ پلانی هەیە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئێران بکڕێت تاوەکو لەجەنگی دژ بەئۆکرانیادا بەکاریبهێنێت، باس لەوەشدەکرێت، واشنتۆن هانی تارانیداوە درۆنی سەربازیی بەڕوسیا نەفرۆشێت.
هەروەک هۆشداریشیداوه بەوەی ئەوکارە لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر هەردوو وڵات دەبێت.
هەفتەی ڕابردوو عەمید کیۆمارس حەیدەری فەرماندەی سوپای ئێران ڕایگەیاندبوو، تاران بۆ هەناردەکردنی چەکو کەرەستەی سەربازیی بۆ وڵاتانی دۆست ئامادەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، درۆنەکانی ئێران لەجێگهی دوورو لەدەرەوەی سنوورەکانیان چالاکی دەکەن.
هەروەک سێپ فرانتزمان شرۆڤەکاری سەربازیی ئیسرائیلیو شارەزا لەبواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وتویەتی:"ئێران خەریکە دەبێتە یاریزانێکی ناوچەیی لەبواری هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران خاوەنی فڕۆکەگەلێکی پێشکەوتووە کە مەوداکەیان دەگاتە 125 میلو توانای هەڵگرتنی موشەکی زۆر وردپێکیان هەیە.
باسی لەوەشکردووە، درۆنە ئێرانییەکان لەبازاڕدا نرخیان لەدرۆنی وڵاتانی تر هەرزانترە، بەڵام لەبەرەوپێشچوندانو لەچەندین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تاقیکراونەتەوەو تواناو کاراییان سەلمێنراوە.
دیبلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکانیش بەڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان وتووە، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەئەسیوپیا فرۆشتووەو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش لای خۆیەوە ئەوەی ئاشکراکردووە، لەمانگی شوباتی ئەمساڵیشدا بینی گانتسی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئێران فڕۆکەی جۆری موهاجیر 6ی بەڤەنزوێلا فرۆشتووە.
ئهمهش لهكاتێكدایه بەوتەی شرۆڤەکارانی سەربازییو بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەبابیل 3ی بەسودان فرۆشتووە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە سزای فرۆشتنی چەکی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لەسەرە.
ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەلێدوانی بەرپرسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان لەهێرشکردنەسەر ئیسرائیلو سعودییەو ئیماراتو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسوریا بەکارهاتوون.