نوێنەری ھەرێم لەئەوروپا: حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەراندا نییە
  2022-08-27       317       
دلاوەر ئاژگەیی


دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەئەوروپا ده‌ڵێت، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە فشارێکی زۆر لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ناردنەوەی پەنابەران بەشێوەی زۆرە ملێ، به‌ڵام حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەراندانییە.

ئاوێنه‌: له‌باره‌ی‌ پرسی‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپاوه‌، دلاوەر ئاژگەیی راگەیاندووه‌، "یەکێتی ئەوروپا فشارێکی زۆری خستووتە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەزۆر پەنابەران رەوانە بکرێنەوە، تا ئێستا حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەراندا نییە، لەوانەیە زۆریش لەسەر حکومەت کەوتبێت بۆ رەتکردنەوەی ئەو داواکاریەی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی پەنابەران حکومەتی ھەرێم نەچووەتە ژێر باری ئەو داواکاریەی ئەوروپاوه‌".

نوێنەری حکومەتی ھەرێم ده‌ڵێت، "نزیکەی ١٥ ساڵ دەبێت ئەو فشارە ھەیە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەندێ لایەن پڕوپاگه‌ندەی ئەوە دەکەن ھەرێمی کوردستان رازیە بەو داواکاریەی ناردنەوەی پەنابەران، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ھەرێم بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ناردنەوەی زۆرە ملێ نیە بۆ پەنابەران."

دلاوەر ئاژگەیی ڕاشیگه‌یاندووه‌، "حکومەتی ھەرێم تەنیا لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەیە بۆ ھەر کەسێک ئەگەر بیەوێ بگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان ئامادەی کار ئاسانییە بۆ ئه‌و پەنابەرانەی بەئارەزومەندانە دەیانەوێ بگەڕێنەوە، تۆمارکردن و ناردنەوەی پەنابەران لەرێگەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵە، تۆمارکردنی پەنابەران لای ئێمە نییەو نازانین چەند بۆ گەڕانەوە خۆیان تۆمار کردوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×