ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن، تورکیا دەیەوێت گروپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بەخۆی لەناو یەک سوپای یەکگرتوو لەژێر چەتری یەک فەرماندەیی ناوەندییدا کۆبکاتەوە.
ئاوێنە: "میدڵ ئێست ئای" بەریتانی پلانێکی تورکیای بۆ یەکخستنی گروپەکانی سەر بە "سوپای نیشتیمانی سوری" لەژێر یەک فەرماندەیی ناوەنییدا ئاشکراکردوە، ئەویش بەئامانجی کۆتاییهێنان بەحاڵەتی "گروپ گروپێنە"ی ئەو هێزانەی سەر بەتورکیا کە ناوبەناو توشی شەڕو پێکدادانی ناوخۆیی دەبنەوە کە دواترینیان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگوندەواری حەلەب ڕویدا.
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ پێگەکە کردوە باسیان لەوەکردوە، تورکیا بەپێی ئەو پلانە نوێیە، سەرجەم گروپو فەسیلەکانی ناو سوپای نیشتیمانی سوری هەڵدەوەشێنێتەوەو دواتر سەرجەمیان لەناو سوپایەکی یەگرتوو و فەرماندەیەکی ناوەندییدا کۆدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵەکانی پێشوتری تورکیا بۆ دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو لەو گروپانە شکستیانهێناوەو هیچ ئەنجامێکیان نەبوە.
باس لەوەشدەکرێت، بەدوردەزانرێت گروپى تهحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) بەسەرۆکایەتی جۆلانی بێتە ناو ئەو سوپا تازەیەی تورکیا نیازی دروستکردنی هەیە، بەوپێیەی ئەو هێزە لەچوارچێوەی حساباتەکانی تورکیادا نییە.