وەزیری ناوخۆی تورکیا: ئەمریکا پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەو پەیەدە هه‌یه‌
  2022-11-19       808       
سولەیمان سۆیلو

سەرەڕای رەتکردنەوەی بونی پەیوەندیی پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -پەکەکە- بەتەقینەوەکەی‌ شه‌قامی ئیستقلالی ئیسته‌نبوڵ، سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا په‌كه‌كه‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات‌و ده‌ڵێت، ئەمریکا پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەو پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكرات -پەیەدەو هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان هه‌یه‌.

ئاوێنه‌: به‌وته‌ی‌ سولەیمان سۆیلو، پەکەکە سەر بەدەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە، لەهەمانکاتدا پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان -هەدەپە- ئاراستەی سیاسی پەکەکەیە.

ده‌شڵێت، "دوای تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ راستەوخۆ باڵیۆزی ئەمریکا لەئەنقەرە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دواتر راگەیەندراویان بەمەزڵوم عەبدی بڵاوکردەوە، کە باشترین پیاوی خۆیانە، دواجار هەپەگەش بەهەمانشێوە، چییان وت؟ ئێمە دەستمان لەم کارە نییە، کەسانێکیش باوەڕیان بەو لێدوانانە کرد، ئەمە یارییەکەو هەوڵ دەدرێت تورکیا بەلارێدا ببرێت".

13ی ئه‌م مانگه‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شه‌قامی ئیستقلالی ئیسته‌نبوڵی هه‌ژاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ 6 كه‌س كوژران‌و 53 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.

پێشتریش وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندبو، ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ دەستگیرکراو بڕیاری تەقینەوەکەش لەکۆبانێ دراوە.

دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان -كەجەكە- ڕایگه‌یاند، "بزوتنەوەكەمان هیچ پەیوەندییەكی بەم هێرشەوە نییە". زتیشی‌، "دەیانەوێت ئەم هێرشە بخەنە ئەستۆی بزوتنەوەكەمان و ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە ئاكەپەو مەهەپە پلانێكی تاریكی نوێیان داناوە، پێویستە هەمووان وریا بن و ڕاستییەكان ببینن و لێی تێبگەن."
 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×