توركیا كەمپی هۆل بۆردومان دەكات
  2022-11-23       599       

هەسەدە رایگەیاند، ئەمشەو چوارشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیان كردوە كە ئەركیان پاراستنی كەمپی هۆلە، كەمپەكە هەزاران خانەوادەی داعش لەخۆدەگرێت و هەندێك خێزانی داعش لەدوای بۆردومانەكە هەڵاتون و ژمارەیەكیان دەستگیركراونەتەوە.

ئاوێنە: فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) رایگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، پێگەیەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیان بۆردومان كردوە كە بەرپرسی پاراستنی كەمپی هۆلن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی بۆردومانەكە هەندێك لە خانەوادەكانی داعش لە كەمپەكە هەڵاتون و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دوایان كەوتون بۆ دەستگیركردنەوەیان.

وتوشیەتی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ توانیویانە شەش ئەندامی خانەوادە هەڵاتوەكان دەستگیربكەنەوە كە سێ كەسیان ژنن.

وتوشیەتی، ئاسایشی كەمپەكە لە ئێستادا لەژێر كۆنترۆڵدایە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆردومانەكە نیازی توركیا بۆ هاوكاریكردنی خانەوادەو ئەندامانی داعش بۆ هەڵاتن دەردەخات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×