هێزە ئەمنییەکانی سوید، کۆچبەرێکی سیاسیی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە، کە ئەندامە لە ریزەکانی پەکەکە.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کۆچبەرێکی سیاسی بەناوی محەمەد تات، تەمەن 22 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سویدەوە رەوانەی تورکیا کراوەتەوە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراوە.
ئاژانسەکە وتویەتی، محەمەد تات، کوردەو ئەندامە لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشتر لەلایەن حکومەتی تورکیا سزای زیندانیکردنی شەش ساڵ و 10 مانگی بۆ دیاریکراوە، بۆیە لە ساڵی 2015 تورکیای جێهێشتوەو چوەتە وڵاتی سوید و داوای مافی پەنابەری کردوەو حکومەتی سوید ئەو مافەی پێنەداوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2022ـدا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردوە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبون لە ریزەکانی پەکەکە و بزوتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.