ئەسەد پێشنیارێكی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان رەتكردۆتەوە
  2022-12-03       498       

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە هەڵوێستی سوریاوە بڵاویكردۆتەوە كە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا، پێشنیارێكی روسیای بۆ كۆبونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بە ئامادەبونی ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا رەتكردۆتەوە.

ئاوێنە: دوان لەو سەرچاوانە ئەوەیان بە ئاژانسەكە وتوە، دیمەشق پێی وایە كۆبونەوەیەكی لەو جۆرە، رەنگە ببێتە مایەی بەهێزكردنی هەڵوێستی ئەردۆغان بەرلە هەڵبژاردنەكانی توركیا كە بڕیارە ساڵی داهاتو بەڕێوەبچن.

هەروەها یەكێك لەو سەرچاوانە وتویەتی"بۆچی سەركەوتنێكی خۆڕایی بە ئەردۆغان ببەخشین؟ بەر لە هەڵبژاردنەكانی توركیا هیچ نزیكبونەوەیەك رونادات."

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردوە كە سوریا، پێشنیاری كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵاتیشی رەتكردۆتەوە.

هەروەها سەرچاوەی سێیەم، كە كەسێكی دیپلۆماسی و ئاگاداری پێشنیارەكە بوە، وتویەتی، سوریا پێی وایە كۆبونەوەیەكی لەو جۆرە بێ كەڵكە، ئەگەر شتێكی كۆنكرێتی لێ نەكەوێتەوە، بەتایبەت كە ئەوەی سوریا تاوەكو ئێستا داوای دەكات، كێشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی توركیایە لە خاكەكەی.

بەڵام دو سەرچاوەی توركی كە یەكێكیان بەرپرسێكی گەورەیە، بە ئاژانسەكەیان وتوە، دیمەشق كۆبونەوەكە دوادەخات، بەڵام كارەكان لەسەر رێگەیەكی راست بەرەوپێش دەڕۆن تا لە كۆتاییدا كۆبونەوەی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان ئەنجام بدرێت.

بەرپرسە توركییە گەورەكە وتویەتی، دیداری نێوان ئەسەد و ئەردۆغان دەكرێت لە ئایندەیەكدا كە زۆر دور نییە، ئەنجام بدرێت.

هەروەها ئەو بەرپرسە توركییە، وتوشیەتی "پوتین رێگەكە لەسەرخۆ ئامادە دەكات بۆ دیدارەكە" كە ئەوەش "سەرەتای گۆڕانێكی گەورە دەبێت لە سوریاو كاریگەری زۆر ئەرێنیشی دەبێت لەسەر توركیا. هەروەها سودیشی بۆ روسیا دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×