لە ئەمڕۆ سزاکانی ئەوروپا بۆسەر کەرتی وزەی روسیا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە
  2022-12-05       393       

لە ئەمڕۆ دوشەممەوە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆسەر کەرتی نەوت و غازی روسیا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ پەسەندکرابون، بڕیارە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوشەوە جارێکی دیکە پێداچونەوە بە سزاکاندا بکرێت و پشت بەستن بە نەوتی روسی بۆ نزمترین ئاست کەم بکرێتەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی ئەوروپا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بڕیاری کەمکردنەوەی بەکارهێنان و پشت بەستن بە نەوت و غازی روسیا بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و ئەو هەنگاوەش سزایەکە بۆ روسیا بەهۆی هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا، لەو ماوەیەشدا دەرفەت بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەدرێت تاوەکو وزەی جێگرەوە بدۆزنەوە و لەجێگەی وزەی روسی بەکاربهێنن.

بەگوێرەی بڕیارەکەش هەنگاریا، سلۆڤاکیا و چیک بەهۆی ئەوەی بە تەواوی پشت بە نەوت و غازی روسیا دەبەستن و هۆکاری جوگرافیش وایکردوە نەتوانن بە خێرایی دەستبەرداری هاوردەی سوتەمەنی بن لە روسیا، بۆیە کاتێکی زیاترین بۆ دیاریکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەئێستادا بەهای نەوتی روسی لە بازارەکانی جیهاندا بە کەمتر لە نرخی بازار مامەڵەی پێوەدەکرێت و هەر بەرمیلێک نەوت بە 60 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، هەرچەندە ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کردبو 30 دۆلار بۆ نەوتی روسیا دیاریبکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەترسی ئەوە هەبو کە روسیا بەیەکجار هەناردەی نەوت رابگرێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاری وزەی جیهان دروست دەکرد، بۆیە 60 دۆلار بۆ نرخی نەوتی روسیا دیاریکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×