هیومان رایتس ۆوچ: هاككەرانی سەربە ئێران هەژماری چەند چالاكوان و رۆژنامەنوس و سیاسییەك هاك دەكەن
  2022-12-06       419       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، ئەو هاككەرانەی كە لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، دو كارمەندی رێكخراوەكەیان و لانیكەم 18 چالاكوان، رۆژنامەنوس، لێكۆڵەر، كەسایەتی ئەكادیمی، دیپلۆماتكارو سیاسەتمەداریان كردۆتە ئامانجی هێرشەكانیان كە لە پرسەكانی پەیوەست بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكەن.

ئاوێنە: هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتێكدا ئەو هێرشەی خستۆتە ئەستۆی دەزگایەك  بەناوی "ئەی پی تی 42" كە بە "بەچكە پشیلەی سەرنجڕاكێش"یش ناسراوەو لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە بەپێی شیكردنەوەیەكی هاوبەشی رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لەو هێرشە ئەلیكترۆنییە نوێیەی ئەو گروپە ئێرانییەدا، لانیكەم 18 كەس كراونەتە ئامانج و لانیكەم ئیمەیڵ و زانیارییە هەستیارەكانی سێ كەسیان كەوتونەتە دەست هاككەرەكان.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، ئەو سێ قوربانییەی كە زانیاریی و ئیمەیڵەكانیان كەوتونەتە دەست هاككەرەكان، پێكهاتون لە: پەیامنێری رۆژنامەیەكی ئەمریكی، داكۆكیكارێكی مافەكانی ژنان كە نتیشتەجێی ناوچەی كەنداوە لەگەڵ نیكۆڵاس نۆی، راوێژكار لە رێكخراوی پەنابەرانی نێودەوڵەتی كە نیشتەجێی لوبنانە.

ئەو جۆرە هێرشەی بۆ بە ئامانجكردنی ئەو چالاكوانان و رۆژنامەنوس و كەسایەتییانە بەكارهێنراوە، بەشێوەیەكە كە هاككەر، بە دروستكردنی پەڕەیەكی ئینتەرنێتی ساختە، قوربانییەكە تا قۆناغی داخڵكردنی زانیارییە هەستیارەكانی وەك یوزەرنەیم و پاسۆرد، هەڵدەخەڵەتێنێت.

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو 18 كەسە كردوە كە كراونەتە ئامانجی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی گروپە ئێرانییەكە، لەوانە 15 كەسیان پشتڕاستیان كردۆتەوە كە لەنێوان 15ی ئەیلول تاوەكو 25ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ، چەند نامەیەكی گوماناوی هاوشێوەیان لە رێگەی وەتسئەپەوە پێ گەیشتوەو لە هەمان ماوەشدا، یەكێك لە كارمەندانی هیومان رایتس ۆوچ لەلایەن كەسێكەوە چەند نامەیەكی هاوشێوەی لە رێگەی وەتسئەپەوە پێگەیشتوە.

بەگوێرەی راپۆرتی چەند رێكخراوێكی جیاجیا، لە سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێرانەوە، هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەكانی چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان، چڕتر بونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×