ئەمڕۆ هەینی لەمیانی کردنەوەی لوتکەی عەرەبی و چینیدا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پێزانینی خۆی بۆ دەستپێشخەریی دۆستانی گەشەپێدانی جیهانی دەربڕی کە لەلایەن چینەوە خراوەتەڕو، رایگهیاند، "لوتکەی عەرەبی و چین قۆناغێکی نوێ لە نێوان وڵاتەکانمان دادەمەزرێنێت، دەستپێشخەریی دۆستانی گەشەپێدانی جیهانی بەرز دەنرخێنین کە چین پێشکەشی کردوە".
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لهمیانی وتارێكدا له لوتكهكهدا رایگهیاند، "هەڵوێستی چین بەرز دەنرخێنین بۆ پشتیوانی لە چارەسەری دو دەوڵەتی لە فەلەستین بەپێی دەستپێشخەری عەرەبی".
لایخۆیەوە شی جینپینگ، سەرۆکی چین لوتکەكهی بە "ڕوداوێکی گرنگ لە مێژوی پەیوەندییەکانی چین و عەرەب" ناوبرد و وتی، "ئێمە یەکدەگرین و پێکەوە پێشڕەوی دەکەین بە ئامانجی گەیشتن بە خواستەکانی وڵاتەکانمان"، هاوكات ئاماژەی بە "دامەزراندنی 17 میکانیزمی هاوکاری لە چوارچێوەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی" کرد.
سهرۆكی چین وتیشی، "پێویستە لایەنی چینی و عەرەبی هاودەنگی و هاوکاری پتەوتر بکەن و هاوپەیمانێتییەک بۆ داهاتویەکی نزیکتر بنیات بنێن، ئەوەی ئێمە کۆدەکاتەوە، خەمی ئاشتی و هاوسەنگی و بەدواداچونی ڕاستییەکان و بانگەوازی گفتوگۆیە لە نێوان شارستانیەتەکاندا".
لە گرینگترین پهیامهكان كه وتارەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چیندا ههبو:
پێویستە پێکەوە پابەند بین بە پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ئەوانی تر.
پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە گەورەکانی وەک ئاسایشی خۆراک و وزە.
ئێمە پشتگیری لایەنی عەرەبی دەکەین لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ پرسە ههڵپهسێردراوهكان.
داوا لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێز لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرن.
ئێمە پێشوازی لە بەشداری لایەنی عەرەبی دەکەین لە دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی.
لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا ئارهزو دەکەین بەڵێنە هاوبەشەکانی وەک بەهێزکردنی گەشەپێدان و تەندروستی و ئاسایشی خۆراک جێبەجێ بکەین.
پشتگیری لە گەیشتن بە ئەندامێتی تەواوەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین.
پشتگیری لە چارەسەری دو دەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین لەسەر سنورەکانی ساڵی 1967 کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی بێت.
رۆژی چوارشهممه (7ی ئهم مانگه) سەرۆکی چین بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە، کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، لەوماوەیەدا کۆبونەوەی دو قۆڵی ئەنجامدەدات، هەروەها بەشداری لە سێ لوتکەدا دەکات، جگه له لوتكهی سعودیە و چین بهشداری لوتکەی کەنداو و چین دهكات كه بە بەشداری سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو بهڕێوهدهچێت، هەروەها بهشداری لوتکەی عەرەبی و چین دهكات كه بە بەشداری سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و وڵاتانی عەرەبی بهڕێوهدهچێت.