2022-12-09   491     
دوای یارییەکی ئاڵۆز و قورس کە تا لێدانی سزا بەردەوام بو، هەڵبژاردەی کرواتیا سوپرایزێکی كرد و هەڵبژاردەی بەڕازیلی تێپەڕاند،بوە یەکەمین هەڵبژاردە کە گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی 2022.
دوای کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی بە یەکسانبون، هەڵبژاردەی بڕازیلی بە گۆڵێکی نایابی نەیمار له گێمی یه‌كه‌می زیادكراودا پێشکەوت، به‌ڵام کرواتیا لە خولەکی 117دا له رێگه‌ی برۆنۆ پێتکۆڤیچ گۆڵی یەکسانبونی كرده‌وه، لە کاتێکدا بڕازیل بەرەو ئاهه‌نگی سەرکەوتن دەڕۆیشت، به‌هۆیه‌وه یاریه‌كه گه‌یشته لێدانی سزا.
لە لێدانی سزادا هەڵبژاردەی کرواتیا سەرکەوتو بو لە بردنەوە له بڕازیل، ئەمەش بەهۆی دۆمینیک لیڤاکۆڤیچی گۆڵپارێزی درەوشاوەی هه‌ڵبژارده‌كه، کە ڕێگری لە لێدانەکەی ڕۆدریگۆ کرد و ئه‌نجامی یاریه‌كه‌ش بە 4-2 بۆ کرواتیا کۆتایی هات.
هاوكات مارکینۆسی بەرگریکاری بڕازیلی لێدانی سزای یەکلاکەرەوەی لەدەستدا و کرواتیا ڕەوانەی قۆناغی پێش کۆتایی کرد و چاوەڕێی براوەی یارییەکەی ئەرجەنتین و هۆڵندا دەکات کە هه‌ر ئه‌مشه‌و ئەنجامده‌درێت.