فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان: ئەمساڵ 67 ڕۆژنامەنوس لە جیهاندا کوژراون
  2022-12-10       317       

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان رایگەیاند، لەمساڵدا 67 ڕۆژنامەنوس و کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهان کوژراون. بەوەش بەراورد بە ساڵی ڕابردو، ڕێژەی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان لەسەدا 30 زیادیکردوە.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بڵاوکردوە، لە ساڵی 2022 کوژراون و دەستگیرکراون، بە پێی ڕاپۆرتەکە، بە تەنها لە ئەمساڵدا 67 ڕۆژنامەنوس کوژراون، لەکاتێکدا لە ساڵی ڕابردودا 47 ڕۆژنامەنوس کوژران.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە، بەرزبونەوەی ڕێژەی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان هۆکارەکەی، شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا، ئاژاوەکان لە هایتی و بەرزبونەوەی توندوتیژیی لەلایەن گروپە تاوانکارییەکان لە مەکسیک بون.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە ئێستادا 375 ڕۆژنامەنوس بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانیانەوە لە زینداندان کە زۆربەیان لە وڵاتانی چین و میانمار و تورکیا دەستگیرکراون. لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ڕابردودا دەستگیرکردنی 365ڕۆژنامەنوس تۆمارکرابون.

بەگوێرەی فێدراسیۆنەکە، چین پلەی یەکەمی لە زیندانیکردنی رۆژنامەنوساندا گرتوە، بەجۆرێک، ئەمساڵ 84 رۆژنامەنوس لەو وڵاتەدا زیندانیکراون. دوای چین، میانمار پلەی دوەمی گرتوە و 64 رۆژنامەنوس تێیدا زیندانیکراون. تورکیا بە بەندکردنی 51 رۆژنامەنوسان پلەی سێیەمی گرتوە. لە ئێرانیش کە لە مانگی ئەیلولەوە بەر شەپۆلێکی خۆپێشاندان کەوتوە، 34 رۆژنامەنوس لە کاتی ئەرکەکەیاندا دەستگیرکراون. لە بێلاڕوسیش 33 رۆژنامەنوس، لە میسر 23 رۆژنامەنوس، لە روسیا 29 رۆژنامەنوس، لە سعودیە 11 رۆژنامەنوس، لە یەمەن 10، لە سوریا 9 و لە هیندستانیش حەوت رۆژنامەنوس ئەمساڵ بەندکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×