خەڵاتەکانی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ دابەشکران
  2022-12-11       687       


خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ی فیزیا، پزیشکی، کیمیا، وێژە و ئابوری لە مەراسیمێکدا کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو، بەخشرایە خاوەنەکانیان.

ئاوێنه‌: خەڵاتی نۆبڵ کە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەهۆی پەتای کۆڤید١٩ نەتوانرا بەڕێوە بچێت، ئەمساڵ پێشکەشی خاوەنەکانیانکرا.

لە رێورەسمەکەدا کە لە ماڵی کۆنسێرتەکانی ستۆکهۆڵم (کۆنسێرت هاوس) بەڕێوەچوو، بنەماڵەی شاهانەی سوید، ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، وەزیرەکان، نوێنەرانی پارتەکان، نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و براوەی خەڵاتەکان و هەروەها چەندین میوان بەشداربوو.

خەڵاتی فیزیا بەخشرایە ئالان ئەسپێکت، جۆن ئێف کلۆزەر، ئەنتۆن زایلینگەر، خەڵاتی کیمیاش بەخشرایە کارۆلین بێرتۆزی، مۆرتن مێلدال و باری شارپلیس. هەروەها سڤانتێ پابۆ خەڵاتی فیزیۆلۆژی/پزیشکی وەرگرت، و بێن ئێس بێرنانکە، دۆگلاس دبلیو دایمۆند و فیلیپ ئێچ دیبڤیگ خەڵاتی ئابووریان وەرگرت.

خەڵاتی وێژەییش بەخشرایە ئەنیێ ئێرنۆکس.

براوەی خەڵاتی نۆبڵ بڕوانامە، مەدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی پارەی ٩٠٠ هەزار یۆرۆییان پێبەخشرا.

ئەمساڵ بەرپرسانی روسیا و بیلاڕوس بانگهێشتی رێورەسمەکە نەکرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢، ئەلیس بیالیاتسکی، بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە بیلاروس و ڕێکخراوەکانی میمۆریال و سەنتەری ئازادییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ لە روسیا و ئۆکرانیا، لە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکانیان وەرگرت .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×