خۆپێشاندەرێک لە مەشهەد لەسێدارە درا
  2022-12-12       431       

لە شاری مەشهەدی ئێران، خۆپێشاندەرێک بە تۆمەتی کوشتنی دوو بەسیج، بەیانیی ئەمڕۆ لەسێدارە درا.
 
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، مەجید رەزا رەهنەوەرد، پاش ئەوەی  23 رۆژ لەمەوبەر دەستگیرکرابوو، لە شوێنی گشتی لەسێدارە دراوە. 

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەجید رەزا رەهنەوەردی تۆمەتبار کردبوو بەوەی رۆژی 17ـی 11ـی 2022، لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەشهەددا لە شەقامێکی ئەو شارە بە چەقۆ دوو بەسیجی کوشتووە.
 
مەجید رەزا رەهنەوەرد دوو رۆژ دوای ئەو رووداوە لە 19ـی 11ـی 2022 دەستبەسەر کرا و پێنج رۆژ دواتر داواکاری گشتیی مەشهەد رایگەیاند، رەهنەوەرد بە "دژایەتیکردن" تۆمەتبار کراوە.
 
دواتر دۆسیەکەی رەوانەی دادگای شۆڕشی مەشهەد کرا و رۆژی 29ـی 11ـی 2022 دادگەی شۆڕشی مەشهەد سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، بەبێ ئەوەی پارێزەری هەبێت.
 
ئەمە دووەمین خۆپێشاندەرە لە ماوەی 10 رۆژدا لەسێدارە دەدرێت. هەفتەی رابردووش لە تاران موحسین شکاری لەسێدارە درا و ئەوەش لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×