ئەردۆغان: ناوی فڕۆکەخانەی ماردین دەگۆڕین بۆ فڕۆکەخانەی عەزیز سانجار
  2022-12-17       1085       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، "وەک هەموو لایەکی وڵاتەکەمان، لەماردینیش کارەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا خێرا دەکەین". ئەمڕۆ سێ بیرە نەوت دەکەینەوە". وتیشی‌، ناوی فڕۆکەخانەی ماردین دەگۆڕن بۆ فڕۆکەخانەی عەزیز سانجار.

ئاوێنه‌: لەمیانی سەردانیدا بۆ پارێزگای ماردین، سەرکۆماری تورکیا بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەکدا کرد کە لە مەیدانی دیموکراسی و شەهیدانی ١٥ی تەمموزی شارەکە رێکخرابوو.

لەوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشیکرد، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ناوی فڕۆکەخانەی ماردین دەگۆڕن بۆ فڕۆکەخانەی عەزیز سانجار.

عەزیز سانجار بەرەگەز كوردە لەدایکبوی ٨ی ئەیلولی ١٩٤٦ی‌ شاری‌ ماردینی‌ باكوری‌ كوردستانه‌، زانای زیندەکیمیایە. لەساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی نۆبێل لەکیمیای پێ بەخشرا لەبواری چاکسازیی دی ئێن ئەی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی‌، "وەک هەموو لایەکی وڵاتەکەمان، لەماردینیش کارەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا خێرا دەکەین.

هەروەها ئەردۆغان باسی لە دابینکردنی هێڵی شەمەندەفەری خێرا کرد بۆ پارێزگای ماردین و وتی‌، "پرۆژەی شەمەندەفەری خێرای نێوان كارامان-ئادانا-عەنتاب تا ماردین درێژ دەکەینەوە".

سەبارەت بەبڕیاری سزادانی سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئەردۆغان رایگەیاند، "بابەتەکە پەیوەندی بە سزادانی کەسێکەوە هەیە کە گوایە سووکایەتی بە دادوەرەکان کردووە. هێشتا پرۆسەی دادگا کۆتایی نەهاتووە، قەدەغەکردن لەئارادا نییە. شێواندنی راستەقینە هەوڵدانە بۆئەوەی پرۆسەی دادگا بکرێتە مەزەی مێزی شەش لایەنی ململانێی سیاسی".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "زۆر بڕیاری دادگا هەبووە کە بە توندترین شێوە ڕەخنەمان لێگرتووە، بەڵام ئەمە مافی ئەوە نادات بە کەس سووکایەتی بە دادوەرەکان بکات و دان بە بڕیارەکانی دادگادا نەنێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×