ھەدەپە: ژنێك بۆ سه‌رۆكى توركیا كاندید ده‌كات
  2022-12-19       404       

پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆکایەتیی تورکیا (گوڵته‌ن کشاناک) هاوسه‌رۆكى پێشوى گه‌وره‌ شاره‌وانى ئامه‌د کاندید دەکات.

ئاوێنە:  سایماز ڕۆژنامەنوسی دیاریی تورکیا ئاشکرایکرد، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) به‌نیازه‌ (گوڵته‌ن کشاناک)ی پەڕلەمانتارو هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوی تورکیا کاندیدبکات.

ئیسماعیل سایماز لەنوسێنێکدا ڕایگەیاند، "هه‌ده‌په‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوی تورکیا ژنێك کاندید دەکات، ئەوکەسەش گوڵته‌ن کشاناکی هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەدو پەڕلەمانتاری پێشوی ئەو پارتەیە".

سەبارەت بەوەی کە هێشتا دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کشاناکەوە دەرنەکردوە کە چەند ساڵێکە لەزینداندایە، بەرپرسێکی هەدەپە وتویه‌تى، "ئەگەرهات‌و کشاناکیان کاندیدکرد، ئەوە دەتوانن پێداچونەوە بەبڕیاری دەستگیرکردنیدا بکرێت‌و هەموو کارئاسانییەکی پێویست پێشکەشبکەن".

کشاناک لەمناگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2016وە لەزینداندایە، جگەلەوەی لەسەر دۆسیەی کۆبانی دادگایی دەکرێت، بەڵام هێشتا دادگا هیچ بەڵگەیەکی دژ بەناوبراو نەخسۆتەڕوو.

گوڵته‌ن کشاناک لە15ی حوزەیرانی 1961 لەشاری خارپێت (ئەلازیز)ی باکوری کوردستان لەدایکبوە، کوردى زازایەو هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەد بوە، هەروەک  پێشتریش دوو خول ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوە.

لەدوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980، کشاناک لەتەمەنی 19ساڵیدا دەستگیرکراوەو بۆماوەی 2 ساڵ زیندانیی بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×