ھێنری کیسنجەر دیبلۆماتکاری دێرینی ئەمریکا دەڵێت ھەڵوەشاندنەوەی رووسیا پشێوی ئەتۆمی لێدەکەوێتەوە، داواش دەکات لە دانوستانەکانی ئۆکرانیا ئاشتی بھێنرێتەدی لە پێناو رێگری لە مەترسییەکانی سەرھەڵدانی جەنگێکی جیھانی وێرانکەر.
ئاوێنه: هێنری کیسنجەر لە گۆڤاری The Spectatorـی بەریتانی وتارێکی بەناوی چۆن خۆمان لە جەنگێکی تری جیھانی بپارێزین بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا گرێبدرێت بە ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆ و بژاردەی پابەندی بێلایەنی سوودی نابێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵوەشاندنەوەی رووسیا یاخود وێرانکردنی تواناکانی لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ستراتیژی لەوانەیە خاکەکەی کە 11 ھەرێم لەخۆ دەگرێت بگۆڕێت بۆ بۆشایییەکی کێشە لەسەر و وڵاتێکی هەڵوەشاوی لێکترازاو، بەھۆی بوونی ھەزاران بۆمبی ئەتۆمیش لەسەر خاکی ئەو وڵاتە مەترسی ئەوە ھەیە پشێوی ئەتۆمی رووبدات.
ئەو دیبلۆماتکارە ئەمریکییە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەوروپا و رووسیا بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە نەکەن، ئەوا ئەگەری هەیە دووبارە جەنگی جیهانی رووبدات کە ئەو بە "خۆکوژییەکی هاوشێوەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی" ناوی بردووە.
هێنری کیسنجەر لە ئێستادا تەمەنی 99 ساڵە و یەکێکە لە شیکەرەوە و دیبلۆماتکارە بەناوبانگەکانی ئەمریکا.