ئالودەبون بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و رێگەكانی كەمكردنەوەی
  2022-12-19       2007       

ژیانێکی بێدەنگ لە سەردەمی ژاوەژاودا، دیجیتاڵ مینیماڵیزم؛ ئێمە بۆ ئەم مەبەستە نەھاتبوین!

خالید عومەر، پەنسلڤانیا

ئەوەی ئێستا لە فەیسبوک پێوەی سەرقاڵیت، یان بە ئایفۆنەکەت ئەنجامی دەدەیت، ئەو ئامانجە نییە کە فەیسبوکی بۆ دامەزراو ئایفۆنی بۆ دروستکرا! فەیسبوک سەرەتا وەک پێگەیەک بۆ یەکترناسین و پەیوەندیبەستن دامەزرا، وەکو ئێستا خزمەتگوزاریەکانی فراوان نەبون و بەکارھێنەرانیشی لەکاتی بەتاڵیداو تەنانەت دوای تەواوبون لە یاریکردن بەکاریان دەھێنا.

ستیڤ جۆبس لە ئاھەنگی ناساندنی ئایفۆن لە ساڵی ٢٠٠٧، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم ئامێرە نوێیە کۆکەرەوەی ئای پۆدو مۆبایلە، رزگارت ئەکات لەوەی زیاتر لە ئامێرێک بخەیتە گیرفانتەوە، بەشێکی زۆری قسەکانی تەرخانکرد بۆ باسی خاسیەتە میدیاییەکانی وەک کارپێکردنی دەنگ و ڤیدیۆ. باسی لەوەشکرد کە چیتر جێگەی کیبۆرد وەک بەشێکی پلاستیکی لەناو ئایفۆندا نەماوەو گۆرانکاری لە نامەنوسیندا کراوەو نامەی دەنگیش ئاسانتر کۆنترۆڵ دەکرێت. ئاندی گریگنۆن کە یەکێكبوە لە ئەندامە سەرەکیەکانی تیمی ئایفۆن لەوکاتەدا، دەڵێت ئامانجمان ئەوەبو ئایفۆن بکەینە ئامێرێک کە ھەم پەیوەندی تەلەفۆنی پێبکرێت، ھەم مۆسیقای پێ لێبدرێت!

ئەوکات خەڵک کە ئایفۆنیان دەکڕی، (ئەپستۆر)ی تێدا نەبو، نۆتیفیکەیشنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بۆ نەدەھات، بەدەم نانخواردنەوە دە جار دەستیان بۆ مۆبایلەکانیان نەدەبرد، بەڵام وەک دەبینن ئێستا چیرۆکەکە تەواو جیاوازە، ئایفۆن و فەیسبوک بۆ ئامانجگەلێک بەکاردەھێرێن کە ھیچ پەیوەندییان بەسەرەتاکانیانەوە نەماوە! بۆ مەبەستێکی تر ھاتین و لەناو گێژاوێکدا ون بوین! تۆ ئێستا کە رۆژانە چەند کاتژمێرێک بەدیار مۆبایلەوە بەسەردەبەیت ھی ئەوە نییە کە تەمبەڵیت، بەڵکو ھی ئەوەیە کەسانێک بە ترلیۆن دۆلاریان سەرف کردوە تا ئەمە روبدات! تریستن ھاری، ھاودامەزرێنەری گوگڵ لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا مۆبایلەکەی بەرزکردەوەو وتی ئەمە ئەو چاڵەیە کە کۆمپانیاکان لەوێوە فڕێت دەدەنە ناو دونیایەکی ناسروشتییەوەو ھەوڵدەدەن تا بتوانن زیاتر لەناویا بتھێڵنەوە، چونکە ئەوە ئەو شوێنەیە کە ئەوان پارەی تیا پەیدا دەکەن! فەیسبوک بۆئەوە دامەزرا تا پەیوەندییەک کۆمەڵایەتیەکان زیادو پتەو بن، ئەمرۆ لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە کە: ئەوانەی فەیسبوک زۆر بەکاردەھێنن، زۆرتر توشی تەنھایی بون!

چەند تەڵەیەک بۆ توشبون بە گرفت و نەخۆشی دەرونی 

ئەگەرچی خوگرتن (ئیدمان) پێشتر تەنھا بۆ شتە بەرجەستەکانی وەک کحول و جگەرە بەکاردەھات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ و دواتر لە لە ٢٠١٣ لە جۆرناڵ و سەرچاوە زانستیەکانی ئەمریکادا، خوگرتن بە ھەندێک لە ماڵپەرەکانەوە وەک نەخۆشی دەرونی "رەفتاریی" ناوبرا.

با ئەمە زیاتر رونبکەینەوە. خوگرتن لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە بەکارھێنانی شتێک یان ئەنجامدانی رەفتارێک و دوبارەکردنەوەی بە بەردەوامی، چونکە ئەمە دەبێتەھۆی چێژبەخشین و رازیکردنی ئەنجامدەر ھەرچەندە کارەکەی لە بنەرەتەوە زیانبەخشە! تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بە مەبەست وادروستکراون کە خوگرتن زیاد بکەن! ئەمرۆ لە فەیسبوکدا خەڵکانێک خویان گرتوە بە قومارێکەوە، پۆستێک دەکەن و چاوەڕێی لایک و کاردانەوەو کۆمێنتی خەڵکن، ئەگەر لایک و کۆمێنتیان بۆ ھات دڵخۆش و بە پێچەوانەشەوە خەمبار دەبن، لەمکارەش بەردەوامن. ھاوکات لایک و کۆمێنت وەک قبوڵکردن یان رەتکردنەوە لەلایەن کۆمەڵگەشەوە سەیردەکرێت! شارەزایان پێیان وایە دەرئەنجامە دەرونیە مەترسیدارەکانی ئەم خوگرتنە، بەتەواوی نازانرێت، بەڵام کەمترە لە کاریگەری خوگرتن بە مادە کیمیاییەکانەوە.

بەھەمانشێوە تاگ کردن دەبێتە ھۆیەک بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و دەرونی. تاگ کردن وەک ئەوەیە بڵێیت فەیسبوک رێگەیەکی داناوە تا بزانێت کێ تۆی لەبیرە! کاتێک وێنەیەک دادەنێیت لەرێگەی (ئەلگۆریسمەوە) دەموچاوەکانی ناو وێنەکە دەناسرێنەوەو بژاردەی ئەوەت پێدەدات کە تاگیان دەکەیت یان نا؟ بە مانایەکی تر ئایا ئەوانت لەبیرە یان نا؟ لە روی تەکنیکییەوە دەکرا ئەم تاگ کردنە خۆکرد بێت و راستەوخۆ بەرنامەکە بۆت بکات، بەلام بژاردەی بەڵێ و نەخێری داناوە تا دڵنیابێت لەوەی پەیوەندیەکەتان ماوە یان نا، بەھەمانشێوە بۆ بەرامبەریش بژاردەی ھەیە کە دەیەوێت وێنەکە لای ئەویش دەربکەوێت یان نا، ئەمەش جۆرێکە لە قبوڵ و رەتکردنەوە لەلایەن ئەوانی ترەوە! جگە لەمەش دیزاینکردنی ئەم بابەتە بەمشێوەیە وادەکات نۆتیفیکەیشن بۆ بەشداربوان زیاتر بڕوات کە ئەمەش جارێکی دیکە بەکارھێنان و ئیدمان زیاتر دەکات. 

بەڵێ بەبێ تەکنەلۆژیا باشتر ئەژیت!

ئەرستۆ وتویەتی: مرۆڤ بە سروشت بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. واتە خۆمان بە یارمەتی مێشک و بەبێ ئامێر ئەتوانین پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست بکەین، ئەبێ دڵتەنگ بین بەوەی کە کۆمەڵێک ئەپ خەریکن سروشتی مرۆڤانەی خۆمان لێ دەسەننەوەو رێگەیەکی تریان بۆ پەیوەندیەکانمان داناوە.

ماتیۆ لیبەرمانی دەرونزان دەڵێت؛ گەشەی مێشک لە ملیۆنان ساڵی رابردودا بۆ ئەوە نەبوە کە بگات بەوەی کاتە زیادەکان بە شتێکەوە بەسەر ببەین کە پەیوەندی بە ژیانەوە نەبێت!. مێشک خۆی دەتوانێت نەخشەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەھێزو جۆراوجۆر بکێشێت.

وەک پێشتر وتمان، تۆرە کۆمەلایەتیەکان زیانیان بۆ مرۆڤ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ھەبوە، لێرەشدا بە خستنەروی دو نمونە پاڵپشتی بۆچونەکە دەکەین.

توێژینەوەیەکی زانکۆی پیتسبێرگ کە لە لایەن برایان پریمارکەوە ئەنجامدراوە گەشتوە بەم ئەنجامە: تا زیاتر لەخەت بیت (کۆنێکت بیت لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان) زیاتر بەرەو تەنھایی دەچیت!

بەگوێرەی توێژینەوەکی زانکۆی کالیفۆرنیا کە ھۆڵی شاکی ئەنجامیداوە: بەکارھێنانی فەیسوک کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەھێڵێت.

ھەردو توێژینەوەکە راستییەکان دوپات کردۆتەوە: تا زیاتر ئۆنلاین بیت، پەیوەندیە ئۆفلاینەکانت کەمتر دەبنەوە. جا لەبەرئەوەی مرۆڤ لە بنەرەتەوە بۆ پەیوەندی ئۆفلاین دروست بوە، بە پەیوەندی ئۆنلاین دەڕوخێت! 

دانانی سنورێک بۆ تەکنەلۆجیا

زیانەکانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە گشتی و تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەتایبەتی، لەوە زیاترە کە باسکرا یان لێرەو لەوێ شتێکمان لەبارەیەوە خوێندۆتەوە، ھەربۆیە پێویستە بەکارھێنانی سنوردار بکرێت. ھەرکات باسی سنوردارکردنی تەکنەلۆجیا دەکرێت خەڵکانێک ئەمکارە بە مەحاڵ دەزان بەپاساوی ئەوەی کە بوەتە پێویستییەکی رۆژانە، بەلام لەراستیدا ئەوەی دەبینرێت بەکارھێنانەکە لە پێویست زۆر زیاترە.

لەمبارەیەوە ئێستا زاراوەی کەمگەرایی دیجیتاڵی (دیجیتاڵ مینیماڵیزم) * ھاتۆتە ئاراوە. کەمگەرایی دیجیتاڵی: فەلسەفەیەکی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە، بەو مانایەی کاتەکانی ئۆنلاینمان لە ژمارەیەکی کەم لەو چالاکییە باش و بە وردی هەڵبژێردراوانەدا چڕ بکەینەوە کە بە توندی پشتگیری لەو شتانە دەکەن کە لای ئێمە بەھایان ھەیە، ھەروەھا بە خۆشحاڵییەوە واز لە ھەمو چالاکیەکانی تر دەھێنین. رونتر بدوێین: کاتێکی کەم دیاریدەکەین بۆ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا، لەمکاتەشدا ئەو شتانە دەکەین کە خۆمان ھەلمانبژاردوەو بەلامانەوە باشە، وە خزمەت بەو بەھایانە دەکەن کە باوەرمان پێیەتی یان گرنگن، لەھەمانکاتدا بێ دودڵی و بێتاقەتیی واز لە ھەمو شتە ناپێویست و زیادەکانی تر دەھێنین.

بۆ نمونە، لەجیاتی ئەوەی ئەپەکان نۆتیفیکەیشن بنێرن و راتکێشنە ناو تۆرەکەو چیان ئەوێ پێت بکەن، تۆ ئەپەکەو کات و مەبەستی بەکارھێنانی دیاریدەکەیت!

بۆ دەبێت ئەمکارە بکەین؟ 

کەمگەرایی یان مینیماڵیزمی دیجیتاڵی گرنگە، چونکە:

• سەرقاڵیی، زەرەری لە قازانجی زیاترە! ئێمە ھەمو 'کات' و 'تەرکیز'ی خۆمان لە مۆبایل و ئەپ و خزمەتگوزاریەکانیاندا خەرج کردوە، لە بەرامبەردا ئەوەی بەدەستمانھێناوە کەمترە لە تێچونەکەی!

• ھەمیشە چاکسازی لە ژیاندا گرنگە!

• ئەو کارەی بەمەبەست ئەیکەیت دڵ و مێشک رازی دەکات. کاتێک خۆمان بەرنامە بۆ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا دادەنێین، رەزامەندی خود بەرامبەر ئەنجامەکانی زیاترو دڵخۆشکەرن و سودەکەشی زیاترە.

ئەم ھەنگاوانە بنێ

بۆ کەمگەرایی دیجیتاڵی، پێویستمان بە ئامادەکاریی زیھنییە، سەرەتا ئەم ھەنگاوانە گرنگن 

یەکەم؛ یاسای بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا دابنێ. بڕیار بدە کە ئەو ئامێرو ئاپ و خزمەتگوزاریانەی بەکاریدەھێنیت کارێکی ئارەزومەندانە بێت و دورکەوتنەوە لێیان وەک کەلێن لە ژیانتدا سەیر نەکەیت.

دوەم؛ خۆت لە ژەھری دیجیتاڵ پاک بکەرەوە، ھاوشێوەی ئەوانەی کیتۆ دەکەن و بۆ پاکبونەوەی جەستەیان شەکر ناخۆن، بۆ کەمگەرایی دیجیتاڵیش ئەم ھەنگاوە بەسودە. یەکسەر بڕیار بدەو یەک مانگ تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەکارمەھێنە، ئیسراحەتێک بە مێشکت بدەو بیر بکەرەوە دوای ئەوەی گەڕایتەوە چی گرنگە بیکەیت.

سودی دورکەوتنەوە لەوەدایە کە دەتوانی بیربکەیتەوە بەشێوەیەک کاریگەری ئەوانی ترت لەسەر نەبێت، بیرۆکەی تازەت بۆ دێت، ھەستەکانت رێک و سروشتی دەبنەوە، کەمتر لەژێر کاریگەری بەرامبەردا دەبن، کاتی زیاترت ئەبێت بۆ قسەوباس لەگەڵ کەسە نزیکەکانت.

سێھەم؛ دوای بڕیارو بیرکردنەوەکەت، دوای پاکبونەوەت لە ژەھرو دورکەوتنەوەکەت، ئێستا لە سەرەتایەکی نوێوە دەستپێبکەرەوە، چۆن؟ لە بڕگەی داھاتو باسی دەکەین. 

بەرنامەی بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا

• رێکخستنەوەی ئامێرەکان؛ ئامێرەکان بۆ یەک مەبەست بەکاربھێنە، ئەگەر لە شوێنی کارەکەت کۆمپیوتەر بەکاردەھێنیت، ھەوڵبدە لەوێوە سۆشیال میدیاکان بەکار نەھێنیت، ئەو کارە تەنھا بە مۆبایل بکە، بەمشێوەیە کەمێک لەو تۆرانە دوردەکەویتەوەو زیاتر تەرکیزت لەسەر کارەکەت دەبێت.

• رێکخستنەوەی ئەپەکان: لە ناو مۆبایلەکەتدا ئەو ئەپانەی ھاوشێوەی یەکن تەنھا یەک دانەیان بھێڵەرەوە، بۆنمونە ناکرێت بۆ پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان فەیسبوک و ئینستاگرامیشت ھەبێت، کامیان باوترو گونجاوترە لەناو ھاورێ و کەسوکار ئەوەیان بکە بە سەرەکی و ئەوانی دیکە بسڕەوە.

• رێکخستنەوەی بەکارھێنان: دوای ئەوەی پاکسازیمان لە ئەپەکان کرد، دەبێت پاکسازی لە مەبەستی بەکارھێنانیش بکەین. بۆنمونە فەیسبوک دەکەینە تاکە تۆڕی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و تیایدا تەنھا ھاوڕێ و کەسە نزیکەکان وەردەگرین نەک سەدان پەیج و کەسایەتی، بەکارھێنانیشی کورتدەکەینەوە بۆ ئەو مەبەستەی کە ئەپەکەی بۆ دروستکراوە وەک ھەواڵپرسین نەک سەیرکردنی ڤیدیۆو کۆمێنت نوسین بۆ پەیجەکان.

• رێکخستنەوەی کات: دیاری بکە رۆژانە لە چ کاتێکدا فەیسبوک بەکاربھێنیت و بۆ ماوەی چەند، بۆنمونە پاش تەواوبون لە کار نیو کاتژمێر.

بۆ ھەندێک لەم ھەنگاوانە دەتوانیت سود لە خودی تەکنەلۆجیا وەربگریت، بۆنمونە رێکخستنی تایبەت ھەیە کە پاش ماوەیەکی دیارکراو لە بەکارھێنان، ئەپەکان قفڵ دەکات، یان سود لە ھەندێ سەرچاوە وەربگرە بۆنمونە وێبسایتی (Freedom.to). 

بیرت بێت وەک لە پێشتر وتمان بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بەم رادەیەش بکە بە ئارەزومەندانە، ھەندێک رۆژ ھەر بەکاری مەھێنە، جار جار مۆبایلەکەت لە ماڵ جێبھێڵەو برۆ پیاسەیەک بکە. 

پێشنیار بۆ ژیانێکی باشتر

ئەو کاتە بەتاڵەی دوای دورکەوتنەوە لە سۆشیال میدیا بەدەستی دەھێنین، دەبێ بۆ شتگەلێک تەرخانی بکەین کە وابکات باشتر بژین. لێرەدا سێ پێشنیار دەخەینە رو کە رەنگە بەدیھێنانیان پێویستی بە ھەوڵ و راوێژی نزیکەکانت بێت: 

• سەرچاوەی بژێویت باشتر بکە، وابکە داراییت بەجۆرێک گەشە بکات تەواو پشت بەخۆت ببەستیت. ئەمەش متمابە بەخۆبون بەھێزدەکات و وادەکات چالاکی وەک وەرزش و سەفەر ئاسانتربێت.

• ھەوڵبدە خۆت فێری کارێک یان ھونەرێکی دەستی بکە. 

• بەشداری لە چالاکیە کۆمەلایەتیەکاندا بکە (گروپی تۆپی پێ یان مەلەو شاخڕەوی، سەردانی کتێبخانە..) بە کورتی ئەو چالاکیانەی لە دنیای راستەقینەدا دەکرێن. 

تێبینی:

• وشەی کەمگەرایی دیجیتاڵی وەک وەرگێڕانی دیجیتاڵ مینیماڵیزم بەکارھاتوە، وەرگێڕانی دیکەم لە کوردیدا نەبینیوەو نازانم ئەمە چەند دروستە.

• لە زۆربەی نمونەکاندا باسی ئەپ و فەیسبوک کراوە تەنھا بۆ رونکردنەوەو تێگەشتن، بەلام دەشێت ئەوەی ژیانی تێکدابین یاری ئەلکترۆنی یان ھەرشتێکی ھاوشێوە بێت.

• بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سود لەم کتێبە ببینن:

Digital Minimalism (choosing a focused life in a noisy world), Cal Newport 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×