بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکردوە کە سەرکردەکانی ڕوسیا لەبارەی هێرشێکی سەربازیی زستانەی فراوان دژ بەئۆکرانیا ناکۆکن، دهشڵێت:"ئەوەش لەکاتێکدایە کە ترس هەیە ڕوسەکان جارێکی تر هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بدەنەوە".
ئاوێنە: ئاژانسی "فرانس پرێس" ئەو بەرپرسە ئەمریکییەکە کە داوایکردوە ناوەکەی ناشکرانەکرێت، لەبارەی گفتوگۆی ناو بەرپرسانی ڕوسیا لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا وتویەتی:"پێمانوایە ڕوسەکان تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر جەنگی ئۆکرانیا هەیە".
وتوشیەتی:"ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە بەشێک لەسەرکردەکانی ڕوسیا دەیانەوێت هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا بەردەوامبێت، بەڵام بەشێکیان گومانیان هەیە ڕوسیا بتوانێت ئەوکارە بکات".
لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمریکیه لەکاتێکدایە کە بەگوێرهى ڕاگەیاندراوێکی کرملین، وابڕیاربوو دوێنێ چوارشەممە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ گەورە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، ئامانجەکانی سوپای ڕوسیا لەساڵی 2023 دیاریبکات.
بەرپرسەکەی ئەمریکا جەختیکردۆتەوە، ئەگەربێتو ڕوسیا بڕیاربدات هێرشێکی فروان بکاتەسەر ئۆکرانیا، ئەوە ئەمریکاش بەخێرایی گۆڕانکاریی لەئامانجەکانیدا دەکاتو بەگوێرەی بارودۆخەکان دەیگونجێنێت.
ڕۆژی سێشەممەش ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دانی بەسەختی بارودۆخی ئەو چوار ناوچەیەی ئۆکرانیادانا کە مۆسکۆ دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆریان، خستونییەتە سەر خاکی ڕِوسیا.