سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە "بە تۆمەتی بێ بنەما و نایاسایی"، هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستیانکردووە بەدەستگیرکردنی ئەو ھاوڵاتییە ئێرانییانەی خاوەنی ناسنامەی بەریتانین. دەشڵێت، "رێگە نادەین ئێران ئەو هاوڵاتیانە وەک کارتی فشار دژی وڵاتەکەمان بەکاربهێنێت."
ئاوێنە: لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە بە فەرمانی راستەوخۆی دەسەڵاتدارانی ئێران، ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی "بێ بنەما و نایاسایی" دەستیانکردووە بەدەستگیرکردنی ئەو ھاوڵاتییە ئێرانییانەی خاوەنی ناسنامەی بەریتانین و تائێستاش زیاتر لە 15 کەسیان دەستگیرکردووە و تۆمەتی پەیوەندییان بە دەزگای ھەواڵگری بەریتانیاوە دراوەتە پاڵ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەرێگەی سەرچاوەکانیانەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری وورد و بەڵگەی پێویستن لەسەر ئەو ھاوڵاتیانەی وڵاتەکەیان کە لە ئێران دەستگیرکراون و رێگەش نادەن دەسەڵاتدارانی تاران دەستگیرکردنی ئەو ھاوڵاتییانە وەک کارتی فشار لە دژی بەریتانیا بەکاربھێنن.