پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگ بە حکومەتەکەی نه‌ته‌نیاهو دەدات
  2022-12-29       321       

ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بۆ متمانەدان بە حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی بنیامین نه‌ته‌نیاهو کۆدەبێتەوە، ناوبراو بۆ سێیەمینجارە وەک سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێردرێتەوە و لەمێژوی ئیسرائیلدا ماوە درێژترین سەرۆک وەزیرانە.

ئاوێنە: پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پەرلەمان یاسایەکی پەسەند کە ئەگەر کەسێک دۆسیەی گەندەڵی لەسەر بێت بەڵام دادگا سزای بەسەردا نەسەپاندبێت، دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکات، لەو چوارچێوەیەشدا بنیامین نه‌ته‌نیاهو هەرچەندە لەدادگا ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە، بەڵام ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە.

حکومەتی نوێی ئیسرائیل لە هاوپەیمانی نێوان پارتی لیکود بەسەرۆکایەتی نەتەنیاهو و ژمارەیەک پارتی دیکەی راستڕەو پێکهێنراوە و بە راستڕەوترین حکومەت لە مێژوی ئیسرائیل دادەنرێت، بۆیە بەرپرسانی ئێستای ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێ بەتایبەت پەیوەست بە فەڵەستین و کەرتی رۆژئاوا کە رەنگبێت بڕیارەکانیان ناسەقگیری زیاتر بۆ ئیسرائیل دروستبکات.

ئیسرائیل لەسەر سیستەمێكی حكومڕانی پەرلەمانی دەبرێت بەڕێوە، كە پەرلەمانەكەی بە کنێسیت ناسراوە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە 120 ئەندامە و زۆرینەی بڕیارەكانی تایبەت بە وڵاتەكە لەوێوە دەردەچێت.

بنیامین نه‌ته‌نیاهو لەکاتێکدا کە سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی دەگرێتەوە دەست، کە ئەزمونێکی دو دەیەی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە و ناوبراو لە ساڵانی 1996 تاوەکو 1999، هەروەها لە ساڵی 2009  تاوەکو 2021 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوە، حکومەتی نوێش وەک شارەزایان باسی دەکەن بە یەکێک لە "راستڕەوترین حکومەت لە مێژوی ئیسرائیل" دادەنرێت بەوهۆیەی ژمارەیەک حزبی دینی راستڕەو بەشدارن لە پێکهێنانیدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×