مستەفا شەنتۆپ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند: داواکارییان بۆ کاندیدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشکەش کردووە.
ئاوێنە: مستەفا شەنتۆپ لە تەلاری پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە قسهی بۆ رۆژنامەنوسان كرد و وتی "ژمارەیەک لە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لە ژمارەیەک لە وڵاتان هەمان داوایان هەیە کە ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید بکرێت".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتی: "بۆ من تورکیا وڵاتێکە زۆرترین کاریگەریی هەبووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا و سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکردەیەکە کە جێ پەنجەی لەسەر رووداوەکانی جیهاندا دیاربووە".
وتیشی: "ئەو رۆڵەی کە تورکیا لە چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە کێشەی هەڵپەسێردراوە لە جیهاندا بینیویەتی بووەتە مایهی رێز و پێزانین بۆ هەمووان".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاشکرای کرد، چاوی کەوتووە بە ژمارەیەک لە سەرۆکی پەرلەمان بە ئەندامانی پەرلەمان کە دەڵێن تورکیا و سەرۆکەکەی پێویستە ببنە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئەمەش بەهۆی ئەو کارانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجامیان داوە.