یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا دابینکردنی نیوەی پێداویستی ناوخۆیی 150 بەرهەم لە هەرێمی کوردستان پڕکراوەتەوە. دەشڵێت، هەر ئەمساڵ بەبڕی 16 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
ئاوێنە: مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ژمارەی کارگە و کۆمپانیاکانی کوردستان و ئەو بەرهەمانەش کرد کە هاوردە و هەناردە کراون.
وتیشی"تا ئێستا 150 بەرهەم گەیشتوەتە ئەو ئاستەی 50%ـی پێداویستی ناوخۆیی پڕبکاتەوە".
ئەوەشی خستەڕو، چوار هەزار و 291 کارگە مۆڵەتی دامەزراندنی پێدراوە، سێ هەزار و 805 لە هەولێر، سلێمانی هەزار و 70، دهۆک 416 کارگە.
بەپێی قسەی سەرۆكی یەكێتییەكە، 582 مۆڵەتی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی کارگە دراوە (هەولێر 385 مۆڵەت، سلێمانی 293 و دهۆک 24 مۆڵەت)، هەزار و 305 کارگە لە ژێر دامەزراندندان (هەزار و 80 کارگە لە هەولێر، 263 لە سلێمانی، 62 لە دهۆک)، سێ هەزار و 404 کارگە دامەزراون (هەزار 340 لە هەولێر، سلێمانی 744 و دهۆک 220).
وتیشی، ئێستا دو هەزار و 197 لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن (هەزار و 346 کارگە لە هەولێر، لە سلێمانی 552 و لە دهۆک 298)، دو هەزار و 94 کارگەش ئێستا کارەکانیان راگرتوە، (هەزار و 459 کارگە لە هەولێر، لە سلێمانی 572 و لە دهۆک 218)، بە کۆی گشتی کارگەکان سێ هەزار و 195 هەلی کاریان رەخساندوە، (هەزار و 588 هەلی کار لە هەولێر، هەزار و 286 هەلی کار، لە دهۆک 721 هەلی کار).
لەبارەی دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی، وتی، هەر بەرهەمێک 25%ـی پێداویستی ناوخۆیی دابینبکات، بەرهەمەکانی پارێزراو دەبێت و هاوردەکردنی هاوشێوەی ئەو بەرهەمە، بەهای گومرگی و باجی زیاتری دەخرێتەسەر، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکە بەردەوام بێت.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا 150 بەرهەم گەیشتوەتە ئەو ئاستەی 50%ـی پێداویستی ناوخۆی پڕبکاتەوە، نمونە شیرەمەنی، بەروبومی کشتوکاڵی (بەپێی وەرزەکان)، جوچکی یەکڕۆژە و مریشک و پەلەوەر، پاککەرەوە، کەرەستەی بیناسازی وەک شیش و چیمەنتۆ و خشت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە لە 65% بۆ 70%ـی بەرهەمی کارگەکان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەنێردرێن و بەرهەمی کارگەکان لەو بوارانەدان: شیش و چیمەنتۆ، کانزا، لە بواری پلاستیک کارگە هەیە کە 260 جۆر پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، خۆراک، رستن و چنین، کیمیایی، سلیلۆس، ئامێر، مۆبیلیات، خزمەتگوزاری، پاککەرەوە، دەرمان، زەیتی زەیتون، رۆنی ئۆتۆمبیل.
لەبارەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، وتی، لە ماوەی ساڵانی رابردو بەهۆی ئەو زەمینەی رەخساوە بۆ پەرەپێدانی بواری ئابوری و بازرگانی 31 هەزار و 27 کۆمپانیای خۆماڵی و بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، 27 هەزار و 713 کۆمپانیا خۆماڵییە و سێ هەزار و 314 کۆمپانیا بیانییە.
لەبارەی ئاماری هاوردەو گومرگ و مۆڵەت بۆ هاوردەكردن لە ساڵی 2022، وتی"کۆی گشتی پێنج هەزار و 204 مۆڵەت بە بڕی 15 ملیار و 403 ملیۆن و 480 هەزار دۆلار، دراوە. زۆرترین مۆڵەت بۆ هاوردەکردن لە مانگی کانونی یەکەم بوە، لەو مانگەدا 342 مۆڵەت دراوە، کەمترین مۆڵەت لە مانگی ئەیلول بوە."
لەبارەی جۆری كاڵای هاوردە لە ساڵی 2022دا، وتی"خۆراک بە پلەی یەکەم، بەروبومی کشتوکاڵی بە پلەی دوەم، ڤێتەرنەری بە پلەی سێیەم، ئاژەڵی زیندو بە پلەی چوارەم، پزیشکی بە پلەی پێنجەم."
لەبارەی ئاماری هەناردەش لەمساڵدا وتی" لە ئیبراهیم خەلیل 120 مۆڵەت، حاجی ئۆمەران 18 مۆڵەت، باشماخ 22 و فرۆکەخانەی هەولێر پێنج مۆڵەتی هەناردە دراوە، بەکۆی گشتی 298 مۆڵەت دراوە. کاڵا هەناردەکراوەکان لە بواری کشتوکاڵ، هەنار، روبی هەنار، هەرمێ، هەنجیر، ترێ و هەنگوین بۆ وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتالیا، سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کوێت، قەتەر و ئیمارات بوە."
ئەوەشی خستەڕو"هەزار و 500 تۆن هەنار، هەناردەی قەتەر، ئیمارات، بەریتانیا و کوێت کراوە... نانی تیری هەناردەی بازاڕەکانی بەریتانیا کراوە... لە بواری پزیشکی، کارگەی ئاوا میدیکا، 13جۆر دەرمان هەناردەی دەرەوەی وڵات کردوە، لە بواری پیشەسازی 16 کارگەی رۆنی ئۆتۆمبێل لە کوردستان هەیە کە هەندێکیان بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و وڵاتانی سوریا، لوبنان، فەلەستین و وڵاتانی ئەفریقایی هەناردە کردوە. ئاوی کانزایی هەناردەی دوبەی، بەریتانیا، سوید و وڵاتانی دیکەش کراوە."
هەروەها ئاشكراشیكرد"لەبواری بیناسازی چەندین کارگەی چیمەنتۆ هەیە کە بە هەمویان 15 ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەیە، 10 ملیۆن تۆنی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەنێردرێت."