وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاند، رەنگە لە ناوەڕاستی ئه‌م مانگه‌دا دوەمین كۆبونه‌وه لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، ئەنجام بدرێت.
ئاوێنە: مەولود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا كه به مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی لویز ئیناسیۆ لولا داسیڵڤا كه ئه‌مڕۆ وه‌ك سه‌رۆكی وڵات ده‌ستبه‌كارده‌بێت، له بڕازیله، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئه‌نجامیداوه، دایه‌وه و وتی، لاڤرۆڤ لێی پرسیوه، "کەی کۆبونەوەی سێ قۆڵی وه‌زیره‌كان ئەنجام بدەین؟، وتم با به‌باشی خۆمان ئامادە بکەین، هەرکاتێک ئامادە بوین، ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".
باسی له‌وه‌شكرد لاڤرۆڤ وتویه‌تی، "نیوه‌ی دوه‌می مانگی (كانونی دوه‌م/1) چۆنه؟، وتم: ده‌كرێت، هێشتا بڕیارمان نه‌داوه له كوێ كۆبونه‌وه‌كه ئه‌نجامبده‌ین، ره‌نگه له وڵاتی سێیه‌م بێت، باسی هه‌ندێك وڵاتمان كردوه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ناوی ئەو وڵاتانەی نه‌هێنا كه باسكراون و وتی، "کاتێک ناوه‌كان دیارییكران پێتان ده‌ڵێم، چونکە باسمان لە چەند وڵاتێكی جێگره‌وه کرد، دەکرێت لە مۆسکۆ بێت، دەکرێت لە وڵاتی سێیەم بێت، هەردوکمان هەمان شتمان وت، لەبەرئەوە نییە کە دژی مۆسکۆ بین یان ئەوەی كه نه‌مانه‌وێت بچینه ئەوێ".
په‌یوه‌ست به ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه، چاوش‌ئۆغڵو ده‌ڵێت، "ئەو بابه‌تانه‌ی كه باسیان دەکەین، تا دێت ئاستیان به‌ره‌و سەرەوە ده‌چێت، سەرەتا کۆبونەوە له ئاستی تەکنیکی و هەواڵگری سەربازی، دواتر قۆناغی سیاسی، پاشان کاروباری دەرەوە، ئایا لە داهاتودا کۆبونەوە له‌سه‌ر ئاستی باڵاتر ئه‌نجامده‌رێت یان نا؟ پێویستە کار لەسەر ئه‌مه بکەین، بۆچی؟ ئامانجی ئه‌م کۆبونەوانە چییە؟ ئێمە چی دەکەین؟ چاوەڕوانییەکان چین؟ ده‌توانین پێکەوە چی بکەین؟".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی له‌وه‌شكرد، وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا (میت)، هاكان فیدان، وه‌زیری به‌رگریی روسیا، سێرگی شۆیگو، وه‌زیری به‌رگریی سوریا، عه‌لی مه‌حمود عه‌باس و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی هه‌ریه‌ک له روسیا و سوریا پێكه‌وه له مۆسكۆ كۆبونه‌ته‌وه و رونكردنه‌وه‌ی پێویستیان داوه.
کۆبونەوەی سەربازی و ئەمنی سوریا و تورکیا بە سه‌رپه‌رشتی روسیا لە مۆسکۆ، هەنگاوێکی زیاتری لێکنزیکبونەوەیه لە پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، كه وه‌ك "دیاری" ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆكی توركیا ناوده‌برێت، پێده‌چێت بۆ داهاتوش هه‌ریه‌كه له ئه‌ردۆگان و به‌شار ئه‌سه‌د كۆبكاته‌وه كه بڕیاره له پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتودا روبدات.