رێكخراوێك: لانیكەم 16 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكان لە زیندانەكانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە
  2023-01-04       451       

رێكخراوێكی مەدەنی بە ناوی "كۆمیتەی بەدواداچونی دۆخی دەستگیركراوان" دەڵێت، لانیكەم 16 كەس لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران لەنێو زینداندا گیانیان لەدەستداوە كە 10 لەوانە كوردن و خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

ئاوێنە: كۆمیتەی بەدواداچونی دۆخی دەستیگركراوان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەسەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێرانەوە تا ئێستا، لانیكم 16 كەس لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان لەنێو زینداندا بەهۆی ئەشكەنجە یان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە، گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەو رێكخراوە، 10 لەو دەستگیركراوانە كە لەنێو زیندانەكان گیانیان لەدەستداوە كوردن و خەڵكی شارو شارۆچكەكانی جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ژمارەی دەستگیركراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام مەزەندە دەكرێت كە تاوەكو ئێستا لانیكەم 20 هەزار كەس لە ناڕەزایەتییەكانی چەند مانگی رابردودا لە سەرتاسەری ئێران دەستگیركرابن.

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هێشتا زانیارییەكی وا لەبارەی دەستگیركراوانەوە نییە كە لە زیندانە رەسمی و ناڕەسمییەكاندا كوژراون.

یەكێك لە دەستگیركراوەكان پاش ئازادكردنی ئە كۆمیتەی بەدواداچونی دۆخی دەستگیركراوانی وتوە، ماوەیەك لە ژێرزەمینێكدا لە تاران دەستبەسەركراوەو بەردەوامیش لەگەڵ دەستگیركراوانی دیكەدا لەپشتی سندوقی ئۆتۆمبێلدا بۆ شوێنی جیاجیا گوازراونەتەوە.

رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا ناوی 12 كەسی دیكەی بڵاوكردۆتەوەو وتویەتی، كوشتنیان جێی گومانەو لەبارەی ئەوەی كە ئایا لەدوای دەستگیركردن گیانیان لەدەستداوە یاخود وەك خۆپیشاندەرانی دیكە لەسەر شەقامەكان كوژراون، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×