ئەردۆغان: ئەگەری كۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی سوریاو روسیا هەیە
  2023-01-05       756       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، كۆبونەوەی داهاتوی نیوان وڵاتەكەی لەگەڵ سوریاو روسیا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە دەبێت و دواتریش ئەگەری كۆبونەوەی نێوان سەرۆكانی هەر سێ وڵات هەیە. لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ سەرۆكی روسیا دەڵێت، پێویستە هەنگاوی كردەیی بنرێن بۆ دەركردنی یەپەگە لە ناوچەكانی تەلڕەفعەت و منبح-ی سوریا.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەی لە ئەنكەرە، رایگەیاند، بە كۆبونەوەی وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەزگای هەوڵگری ئێمە لەگەڵ هاوتا سوری و روسییەكانیان لە مۆسكۆ، دەستمان بە پڕۆسەیەك كردوە، كە دوای ئەوەش وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات كۆدەبنەوە.

وتیشی، پاش ئەوەش بەپێی پێشهاتەكان سەرۆكانی هەر سێ وڵات كۆدەبنەوە.

بە قسەی ئەردۆغان ئامانجی ئەوان لەو كۆبونەوانە "گەرەنتیكردنی ئاشتی و سەقامیگرییە لەناوچەكە."

لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەردۆغان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا ئەنجامداوەو تێیدا "کەرتی وزە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، جەنگی روسیا-ئۆکراینا و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان بە سوریایشەوە تاوتوێ کردوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئەردۆغان جەختی كردۆتەوە كە پێویستە "هەنگاوی كردەیی" بنرێن بۆ "پاككردنەوەی" ناوچە سنورییەكانی سوریای نزیك لە توركیا لە یەپەگەو پەیەدە، بەتایبەت لە تەلڕەفعەت و منبج.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەردۆغان وتویەتی، پێویستە سوریا "ژمارەیەک هەنگاوی بونیادنەرانە بنێت بۆ پرۆسەی سیاسی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×