به‌رپرسێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم واده‌ی‌ ناردنی‌ 400 ملیاره‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات
  2023-01-06       617       


به‌وته‌ی‌ سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، بڕیارە لە 10 ڕۆژی داهاتودا حكومه‌تی‌ عێراق 400 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 

ئاوێنه‌: فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدا به‌میدیاكانی‌ پارتی‌ وتووه‌، "دوای بەدواداچونمان بڕیارە لە 10ڕۆژی داهاتودا 400ملیار دیناری پشکی هەرێمی کوردستان لەبەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."

وتیشی، "ئەو 400 ملیارە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو لەو 10ڕۆژە دەنێردرێت."

له‌كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 2022/12/13ی‌ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بڕیاریدا 400 ملیار دینار شایسته‌ی دارایی بۆ هەردو مانگی 11 و 12ی 2022 بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام تائێستا وه‌زیری‌ دارایی عێراق به‌هۆی‌ چه‌ند "ڕێگرییه‌كی یاساییه‌وه‌" ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات.

بەگوێرەی‌ نوسراوێکی‌ فەرمی‌ کە تەیف سامی‌، وەزیری‌ دارایی عێراق لە 19ی‌ کانونی‌ یەکەمی‌ 2022 ئاڕاستەی‌ ئەمینداریێتی‌ گشتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراقی‌ کردووە، هۆکارەکانی‌ رەزامەندینەدانی‌ بۆ ناردنی‌ 400 ملیار دینارەکە رونکردووەتەوە. 
 
لەنوسراوەکەی‌ وەزیری‌ داراییدا هاتووە کە دەبوایە بەگوێرەی‌ ماددەی‌ 10ی‌ یاسای بودجەی‌ گشتی‌ 2021 شایستە داراییەکان لەنێوان هەرێمی‌ کوردستان و حکومەتی‌ فیدڕاڵی‌ بۆ ساڵانی‌ نێوان 2004 بۆ 2020 پاکتاو بکرێن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە. 
 
یەکێکی‌ دیکە لەهۆکارەکانی نەناردنی‌ 400 ملیارەکە بەگوێرەی‌ نوسراوەکە، بڕیاری‌ ژمارە 59ی‌ ساڵی‌ 2012 و 110ی‌ ساڵی‌ 2019ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵییە کە تێیدا جەخت لەگرنگی‌ پاکتاوی‌ دارایی نێوان هەولێرو بەغدا کراوەتەوە بەر لەهەر رێوشوێنێک، کە بگیرێتەبەر لەبارەی‌ دیاریکردنی‌ پشکی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەبودجەی‌ گشتی‌ عێراقدا.

هۆکاری‌ سێیەمی‌ نەناردنی‌ 400 ملیار دۆلارەکە بەگوێرەی‌ ئەو نوسراوە ئەوەیە کە لە 12ی‌ کانونی‌ یەکەمی‌ 2022 نوسراوێکی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ داراییان پێگەیشتووەو تێیدا هەرێمی‌ کوردستان داوایکردووە خەرجییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بۆ ساڵی‌ 2021، بکرێتە 17 ترلیۆن‌و 703 و ملیارو 110 ملیۆن‌و 866 هەزارو 550 دینار، لەبری‌ 12 ترلیۆن‌و 156 ملیارو 498 ملیۆن‌و 97 هەزار دینارو ئەوەی‌ بەبەڵگەی‌ "ناوردی‌" ئەو راپۆرتە لەقەڵەمداوە کە لەلایەن دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی هەرێمی‌ کوردستانەوە پێشکه‌ش کراوەو نوسیویه‌تی‌، "ئەوە پێویستی‌ بەبۆچونی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی عێراقە."
 
لەکۆتایی نوسراوەکەدا وەزیری‌ دارایی عێراقدا ئاماژەی‌ بەوەشدراوە، پێشتر وەزارەتی‌ دارایی عێراق تێبینی هەبووە لەسەر بڕیاری‌ هاوشێوە کە لەلایەن ئەنجومەنی‌ وەزیرانەوە دەرکراوە کە تایبەت بون بەخەرجکردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×