ئەمریكا: پێویستە ئێران دەست لەپشتیوانیكردنی روسیا لەئۆكراینا هەڵبگرێت
  2023-01-06       478       

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەپێویستی دەزانێت ئێران دەست لە پشتیوانیكردن لە جەنگی ڕووسیا لە ئۆكراینا هەڵبگرێت كە بە تەكنەلۆجیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان پشتیوانی لە مۆسكۆ دەكات.

ئاوێنه‌: بلینكن لەڕێی تویتەرەوە ڕایگەیاندووە”ئەمڕۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان سزای بەسەر حەوت كەسدا سەپاند كە تێوەگلاون لە بەرنامەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بالیستی ئێرانی”، ئاماژەی بە بەكارهێنانی مۆسكۆش كردووە بۆ ئەو بەرنامەیە كە “لێوەی ژێرخانە گرنگەكانی ئۆكراینا دەكاتە ئامانج”.

بەپێی یەیاننامەیەكیش كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاوكرایەوە”بلینكن بەپێویستی دەزانێت ئێران واز لە پشتیوانیكردن لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بهێنێت كە ڕووسیا لە كۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە لە ئۆكراینا دەستیپێكردووە”.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا”واشنتن هەموو توانایەكی دەخاتەگەڕ بۆ لەگەڕخستنی پرۆسەكانی گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا، بۆ ئەو مەبەستەش سزای بەسەر لایەنە بەشداربووەكاندا سەپاند”.

ویلایەتە یەكگرتووەكان سزای بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و كۆمپانیادا سەپاند كە تۆمەتبارییان دەكات بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا كە بۆ هێرشكردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەكانی ئۆكراینا بەكاردەهێنرێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×