ئێران دو دەستگیركراوی دیكەی خۆپیشاندانەكانی لەسێدارەدا كە یەكێكیان كوردە
  2023-01-07       696       
ئەو دو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ لەسێدارەدران، لە ڕاستەوە محەمەد مەهدی كەرەمی و سەید محەمەد حسێن

ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران دو دەستگیركراوی دیكەی خۆپیشاندانەكانیان لە سێدارەدا كە یەكێكیان كوردە، بەوەش ژمارەی لەسێدارەدراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە گەیشتە چوار كەس.

ئاوێنە: دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، دو لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ئێران بە ناوەكانی محەمەد مەهەدی كەرەمی، تەمەن 22 ساڵ و سەید محەمەد حسێنی، تەمەن 39 ساڵ لەسەر دۆسیەی كوژرانی بەسیجییەك لە كەرەج، لە سێدارە دران.

بەپێی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد مەهدی كەرەمی، كوردو خەڵكی گوندی "كوتانی خوارو"ی سەربە شاری بیجاڕو دانیشتوی شاری كەرەج بوە.

ئەو دو كەسەی ئەمڕۆ لە سێدارەدران، دو رۆژ دوای ناڕەزایەتییەكانی رێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەكێك لە كوژراوانی خۆپیشاندانەكان، كە لە 3ی 11ی 2022 لە كەرەج بەڕێوەچو، دەستگیركران.

بەپێی قسەی رێكخراوە مەدەنییەكان، هیچ یەك لەو دو كەسە رێگەیان پێ نەدراوە پارێزەریان هەبێت و لە دادگاییكردنێكی بەپەلەو نادادپەروەرانەدا، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لەسەر دۆسیەی كوژرانی بەسیجییەك بەناوی روحوڵا عەجەمیان، 16 كەسی تۆمەتباركردون كە دوانیان، ئەو دو هاوڵاتییە بون كە ئەمڕۆ لەسێدارەدران.

لقی یەكی دادگای شۆڕش لە پارێزگای ئەلبورز، رۆژی 4ی 12ی 2022، بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو دو دەستگیركراوەی خۆپیشاندانەكانی ئێران دەركردبو. دادگاكە لەماوەی شەش رۆژ و تەنها لەدوای سێ دانیشتن، ئەو بڕیارەی دابو.

محەمەد حسێن ئاقاسی، پارێزەر، ئەمڕۆ شەممە، لە تویتێكدا نوسیویەتی، باوكی محەمەد مەهدی كەرەمی پێی وتم، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی كوڕەكەیان جێبەجێ كردوە بەبێ ئەوەی رێگە بە دوایین دیداری لەگەڵ خانەوادەكەی بدەن.

ئەو پارێزەرە لە زاری باوكی محەمەد مەهدی كەرەمی-یەوە ئەوەشی وتوە، رۆژی چوارشەممە، كوڕەكەم لەزیندانەوە تەلەفۆنی بۆ كردین و وتی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن كردوە وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بەوەی رێگەیان نەداوە پارێزەری هەبێت.

لە سێدارەدانی ئەو دو دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدا كە مانگی رابردوش، دەسەڵاتدارانی ئێران دو دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانیان لەسێدارەدا، كە محسن شكاری و مەجید رەزا رەهنود بون، یەكەمیان لە تاران و دوەمیان لە مەشهەد دەستگیركرابون.

محسن شكاری و مەجید رەزا رەهنود، لەمیانی پڕۆسەی دادگاییكردنێكی ناشەفاف و بەپەلەو بەبێ دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر لە سێدارەدران. جێبەجێكردنی بەپەلەی سزای لەسێدارەدانەكەیان، شەپۆلێك لە توڕەیی و رەخنەی لەنێوخۆی ئێران و لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.

خۆپیشاندانەكانی ئێران دژبە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی پێیان ناوەتە مانگی چوارەمەوە، جگە لەو چوار كەسەی كە تاوەكو ئێستا لەسێدارە دراون، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ژمارەیەكی دیكە لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان دەركردوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×