هه‌ریه‌كه له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی له‌سێداره‌دانی دو خۆپیشانده‌ر له ئێران راگه‌یاند و ده‌ڵێن، "بە توندترین شێوە دادگایی‌کردنی ساختە و لەسێدارەدانی ئه‌و دو هاوڵاتییه شەرمەزار دەکەین".
ئاوێنە: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، "ئێمە بە توندترین شێوە دادگایی‌کردنی ساختە و لەسێدارەدانی محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حوسێنی لە ئێران شەرمەزار دەکەین".
لای خۆیه‌وه جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی لەسێدارەدانی دو خۆپیشاندەر لەلایەن ئێرانەوە و داوای لە ئێران کرد "دەستبەجێ توندوتیژی دژی گەلەکەی خۆی ڕابگرێت".
کلیڤەرلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "لەسێدارەدانی محمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حوسێنی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە كارێكی قێزەونە و شەرمەزار دەکەین".
ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ شه‌ممه ڕایگەیاند، "بەرەبەیانیی ئه‌مڕۆ سزای لەسێدارەدانی دو کەس بە ناوەکانی محەمەد مەهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی جێبەجێ کراوە، ئه‌وه‌ش به‌تۆمه‌تی کوشتنی بەرپرسێکی ئەمنی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات‌دا".
رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له ئێران ده‌ڵێن، "لە دۆسیەی ئەو دو بەندکراوەدا لانیکەمی پێوەرەکانی دادگایی‌کردن و پێ ڕاگەیشتنی دادوەر بە دۆسیەکەیان بە بەشداریی خۆیان لە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی دادگادا، کە مافی بەرگرییان لە خۆیان هەبێت ڕەچاو نەکراوە و تەنانەت پێوەرەکانی ناوخۆییی ئێران بۆ بەڕێوەچونی ئەو دادگایە ڕەچاو نەکراوە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کە مافی هەبونی پارێزەریان پێی نەدراوە، لە دوایین چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیشیان بێبەری کراون و ڕێگەیان پێ نەدراوە دوایین ساتی ژیانیان بنەماڵەکانیان ببینن و ماڵاوایییان لێ بکەن".