سوید: بۆ ئەندامبونمان لە ناتۆ توركیا داواكاریی زیاتری هەیە كە ئێمە نامانەوێت جێبەجێیان بكەین
  2023-01-08       893       
ئوڵف كریستێرسۆن، سەرۆك وەزیرانی سوید

سەرۆك وەزیرانی سوید، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، لەبەرامبەر رازیبونی بۆ ئەندامبونمان لە ناتۆ، توركیا داوای شتی زیاتر دەكات، كە ئێمە ناتوانین یاخود نامانەوێت ئەو شتانەی پێشكەش بكەین.

ئاوێنە: ئوڵف كریستێرسۆن، سەرۆك وەزیرانی سوید، ئەمڕۆ لە دیبەیتێكدا لەبارەی پرسی بەرگری وڵاتەكەیەوە، وتی"توركیا پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەوەی ئێمە وتمانە دەیكەین بۆمان كردون، بەڵام ئەوان داوای چەند شتێكی زیاتر دەكەن كە ئێمە ناتوانین یاخود نامانەوێت ئەو شتانەیان پێشكەش بكەین."

سەرۆك وەزیرانی سوید لەگەڵ ئەوەش وتی، ئێمە باوەڕمان وایە سەرەنجام توركیا بڕیار دەدات لەبارەی ئەندامبونی سوید لە ناتۆ، بەڵام نازانن كەی ئەو بڕیارە دەدات.

سوید و فینلاندا ساڵی رابردو رێككەوتنێكیان لەگەڵ توركیا ئەنجامدا بۆ رەواندنەوەی ناڕەزایەتییەكانی توركیا لەبەردەم بونە ئەندامیان لە ناتۆ.

ئەو دو وڵاتە لە مانگی 5ی ساڵی رابردوەوە داواكارییەكیان پێشكەش كرد بۆ بونە ئەندام لە ناتۆ ئەوەش لەدوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، بەڵام توركیا ناڕەزایەتی لەبارەی داواكەیانەوە دەربڕی و تۆمەتباریكردن بە داڵدەدانی "چەكداران"ی دژبە توركیا لە وڵاتەكانیان لەنێویاندا ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

سەرەتای مانگی 12ی رابردو، محەمەد تات کە بە ئەندامێتی پەکەکە تۆمەتبار کرابو، لەلایەن سویدەوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە.

مانگی رابردو، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا دانی بەوەدا نا كە ستۆكهۆڵم هەنگاوی "ئەرێنی" گرتۆتەبەر لەبارەی داواكارییەكانی وڵاتەكەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وتی، پێویست دەكات "هەنگاوی گرنگی دیكە" بگرێتەبەر بۆ هەڵگرتنی ناڕەزایەتی توركیا لەبارەی ئەندامبونی لە ناتۆ.

قسەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا چەند رۆژێك دوای ئەوە هاتن كە دادگای باڵای سوید، رەتیكردەوە، بوڵنت كێنێس، رۆژنامەنوسی تورك رادەستی ئەو وڵاتە بكاتەوە كە توركیا داوای رادەستكردنەوەی كردبو.

بوڵنت كینیس، رۆژنامەنوسێكی رەخنەگری حكومەتەكەی ئەردۆغانەو ئەنقەرە بانگەشەی ئەوە دەكات كە سەربە بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەن-ە.

بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ لە ناتۆ، پێویستە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە رازی بن كە ژمارەیان 30 وڵاتە. تا ئێستا 28 وڵاتیان رازی بون و تەنها توركیاو هەنگاریا ماون. هەنگاریا رایگەیاندوە، لەمساڵدا پەرلەمانی وڵاتەكەی داواكارییەكەی سویدو فینلەندا پەسەنددەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×