2023-01-11   449     
میدیای تورکیا رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئایاری داهاتوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆببنەوە.
ئاوێنە: سێشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2022، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە "ئەگەری هەیە ئەردۆغان و ئەسەد" لە مانگی ئایاری داهاتوودا کۆبوونەوە کە دەکاتە مانگێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە بڕیارە لە 18ی حوزەیرانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی تورکیا و سووریادا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق تاوتوێ دەکرێت کە لە ساڵی 2011ـەوە گرژی تێکەوتووە.
لە 28ی کانوونی یەکەمی رابردوودا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی سووریا و تورکیا بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات کۆببوونەوە و هەروەها کۆبوونەوەش لەنێوان بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی هەردوو وڵاتدا هەبووە.
هاوکات، هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە.