پەرلەمانی بەریتانیا بەكۆی دەنگ پشتیوانی لە ناساندنی سوپای پاسداران وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" دەكات
  2023-01-12       582       

ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە كۆی دەنگ پشتیوانیان خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی ناوی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بخرێتە نێو لیستی "رێكخراوە تیرۆریستییەكان" لە بەریتانیا.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا، دەنگیان بە پڕۆژەیەك داوە كە داوا لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكات بە ناساندنی سوپای پاسداران وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی"، هاوكاریكردن لەگەڵ ئەو سوپایە و پشتیوانیكردنی وەك تاوان بناسێنرێت.

بەپێی بی بی سی، پابەندبون بە ئەنجامی ئەو دەنگدانەوە بۆ حكومەتی بەریتانیا ناچاریی نییە، بەڵام گوشاری پەرلەمانتاران بۆ ناساندنی ئەو سوپایە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، هاوكات لەگەڵ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران و زیادبونی گرژییەكانی نێوان بەریتانیاو ئێران، زیاتر بوە.

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی بەریتانیادا، لەدوای وتەی چەندین پەرلەمانتار لەبارەی ئیدانەكردنی هەڵسوكەوتەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێی راگەیاندن كە حكومەت، هەڵوێستە یەكدەنگەكەی پەرلەمانتاران دژ بە سوپا لەبەرچاو دەگرێت و وتیشی، ئەم بابەتە بۆ حكومەت، پرسێكی زۆر جددییە.

هەفتەی رابردو چەند سەرچاوەیەك لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە بی بی سی-یان راگەیاندبو، ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن كە حكومەتی بەریتانیا بەنیازە سوپای پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت بەگشتی راستن و لەندەن خۆی ئامادەدەكات بۆ راگەیاندنی ئەم بابەتە بەشێوەیەكی رەسمی.

بەرلەوەش رۆژنامەی تەلەگراف ئاماژەی بەوەدابو كە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتو حكومەتی بەریتانیا ناوی سوپای پاسداران بۆ لیستی "گروپە تیرۆریستییەكان" زیاد بكات.

دەزگا هەواڵگرییەكانی بەریتانیا، ماوەیەك لەمەوبەر ئاماژەیان بەوەدابو، كە 10 هەوڵی كۆماری ئیسلامیان بۆ رفاندن یان كوشتن لە بەریتانیا پوچەڵكردونەتەوەو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ ناوبردبو.

لەلایەكی دیكەوە كۆماری ئیسلامی ئێران بەریتانیای تۆمەتباركردوە بەوەی كە دەستی لە ناڕەزایەتییەكانی وڵاتەكەیدا هەبوە، لەگەڵ ئەوەی بەریتانیا ئەو تۆمەتەی رەتكردۆتەوە، بەڵام گرژییەكانی نێوان هەردو وڵات زیاتر بون.

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمریكا لە ساڵی 2019و لەسەردەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ-دا، سوپای پاسدارانی خستە نێو لیستی "رێكخراوە تیرۆریستییەكان"ی وڵاتەكەیەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×