ئێران جێگری وەزیری پێشوتری بەرگریی وڵاتەكەی لەسێدارەدا
  2023-01-14       548       
عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشوتری بەرگریی ئێران

ئێران عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشوتری بەرگریی وڵاتەکەی کە خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانی بو، بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" لە سێدارەدا.

ئاوێنە: ماڵپەڕی میزانی زمانحاڵی دەزگای دادی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەکبەریدا جێبەجێکراوە.

ئەکبەری تۆمەتبارکرابو بە "بڵاوکردنەوەی گومڕایی لەسەر زەوی و زیانگەیاندن بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکیی ئێران لە رێگەی سیخوڕیکردنەوە."

 عەلیڕەزا ئەکبەری لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا"ـی درایەپاڵ؛ تۆمەتێک کە خۆی رەتیکردوەتەوە.

 میدیای بەریتانی پێشتر تۆمارێکی دەنگیی ئەکبەرییان بڵاوکردبوەوە کە تێیدا رایگەیاندوە، ئەشکەنجەدراوە و ناچارکراوە لە بەردەم کامێرا دان بە هەندێ تاواندا بنێت کە نەیکردون.

عەلیڕەزا ئەکبەری لەو تۆمارە دەنگییەدا وتویەتی، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە دەرەوە ژیاوە و لە لایەن یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی ئێرانەوە کە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا رۆڵی هەبوە، بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئێران.

دوای ئەوەی گەیشتوەتە ئێران، بەوتەی خۆی، تۆمەتبارکراوە بەوەی کاتێک پۆستەکەی هەبوە زانیاریی نهێنیی هەستیاری لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێران وەرگرتوەو داویەتی بە بەریتانییەکان.

 ئەکبەری پێشتر جێگری شەمخانی بو، کاتێک کە شەمخانی لە 1997 تاوەکو 2005 وەزیری بەرگری بو.

 چەند کاژێرێک دوای ئەوەی نامە دەنگییەکەی ئەکبەری رۆژی چوارشەممەی رابردو لە میدیای بەریتانی بڵاوکرایەوە، ماڵپەڕی میزانی زمانحاڵی دەزگای دادی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر عەلیرەزا ئەکبەریدا ساخکراوەتەوە.

 میزان لە زاری وەزارەتی ئیتیڵاعاتەوە باسی لەوە کردوە کە "ئەکبەری یەکێک بوە لە دزەپێکەرە هەرە گرنگەکانی زانیاریی ناوەندە ستراتیجی و هەستیارەکانی وڵات" بۆ فەرمانگەی هەواڵگریی نهێنیی بەریتانیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×