سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆماری بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا بەکاربێت، ماوەی هەشت مانگ بۆ ئامادەکاری پێویستە. دەشڵێت، بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار بودجە پێویستە.
ئاوێنە: هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند''ئەگەر تۆماری بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەکاربێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە پەیڕەوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا باس لە ماوەی شەش مانگ بۆ ئامادەکاری کراوە، رەنگە هەشت مانگ کاتمان پێویست بێت."
هەندرێن محەممەد وتیشی''کۆمیسیارانی داهاتوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدەن کە چەندە کات پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان و دەبێ چاوەڕوان بین رێکارەکانیان بۆ کورتکردنەوەی ئەو ماوەیە چی دەبێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بودجەی پێویستی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە 25 ملیۆن دۆلار مەزەندە كردو وتیشی، ''بەڵام ئەگەر بۆ هەڵبژاردن لە سیستمی بایۆمەتری و تەکنۆلۆجیا سود وەربگیرێت، لەوانەیە بودجەیەکی زیاتر پێویست بێت.''