وەزارەتى دارایى و ئابورى رایگهیاند، دوای ئهوهی فهرمانبهرانی دامەزراوەى باج و خانوبەرەى میرى سەردانی سەنتەرى جوانکارى (د.ناز)یان كردوه لەلایەن "پارێزەرێكهوه ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبوە."
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی روداوێكەوە كە پێی وایە بەهۆیەوە "هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانوبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان"، وتویەتی"دامەزراوەى باج بە پێی بنەما یاساییەکان مافى ئەوەى هەیە لەهەر کاتێک و شوێنێک بەدواى سەرچاوەى داهاتى ڕاستەقینەى باجدەردا بگەڕێت بۆیە لێژنەکانى بە شەو و ڕۆژ ماندونەناسانە کار بۆ هاتنەدى ئەو ئامانجە دەکەن."
لەبارەی روداوەكەش وتویەتی"لە ڕێکەوتى 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە کە یەکێکیان ئافرەتە لە کاتى سەردانیکردنى سەنتەرى جوانکارى (د.ناز) لە لایەن پارێزەر (شیراز شەهاب) ڕێگریان لێکراوەو پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبوە."
وەزارەتی دارایی وتوشیەتی"بۆیە سەرلەبەرى ئەو تۆمەت و بوختانانە ڕەت دەکەینەوە کە لەلایەن ئەو کەسەوە بۆ وەزارتمان هەڵبەستراوە، ئەگەر ئەو کەسەى خۆى ناساندوە پارێزەر بێت پێویست بو چاوەڕێی دەرئەنجامى بڕیارى دادگا بکات نەوەک پەنا بباتەبەر سۆشیال میدیا و لەو ڕێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەکانى دەوڵەت و کاراکتەرە ئەکتیڤەکانى ئەو دامەزراوانە بکاتە ئامانج و تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندنیان بۆ بهۆنێتەوە کە ئەمە دورە لە پیشە و نەریتى پارێزەرایەتى."
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان لە وەزارەتى دارایى و ئابورى "هەمو ڕێکارە یاساییەکان" دەگرنەبەر "بۆ گەڕاندنەوەی مافى ئەو فەرمانبەرانە و دەرخستنى ڕاستیەکان بۆ ڕاى گشتى."