عەبدوڵای كوێخا موبارەك: کێشەی کورد تەنھا دادگای فیدراڵی نییە
  2023-01-28       608       

عەبدوڵای كوێخا موبارەك پێی وایە "کێشەی کورد تەنھا دادگای بەناو فیدراڵی نییە" و "هۆکار پابەندبون یا نەبون بە دەستور، ھەڵسوکەوتی یاسایی و نایاسایی حکومەتی ھەرێم نییە کە سزای کورد دەدرێت لەلایەن حکومەت و دادگا و کەسایەتییە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە، ھۆکار بونی ناو، نەتەوە، نیشتمان و کەرامەتی کوردە."

ئاوێنە: عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەمڕۆ شەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك ئەوەشی وتوە"سیاسەتی عێراق بەرامبەر بە کورد لە ڕابردو و ئێستا و داھاتوش دادگای فیدراڵی ھەبێت و نەبێت ھەر وەکو ئێستا دەبێت و چارەسەری نییە تا ئەو عەقڵێت و بیرکردنەوە شۆڤێنیە بمێنێت."

وتوشیەتی"لە ڕابردو و لە ئێستاشدا بە ئاشکرا پێمان وتراوە یان مەبن یان زەلیل و ژێردەسە بن، یان باسی نەتەوە، نیشتیمان، ئازادی و کەرامەت مەکەن یان دژتان دەبین، ئیتر بەپێی کات و ئامرازی گونجاوی سەردەم، جاران بە کوشتن، ئاگر و کیمیاباران و ئەنفالکردن، ئێستا بە دادگا و دەستور، ڕەنگە لە داھاتو بە تێکدانی شیرازە و فکری نەتەوەیی و دروستکردنی خۆفرۆشی ناوخۆییمان بێت."

عەبدوڵای كوێخا موبارەك پێشی وایە "کورد خێر لە بەغدا و مەرجەع و دادگا و حکومەتی ئەوێ نابینێت، چارەسەر ئەوەیە حزب، حکومەت، سەرکردە و خەڵکی خۆمان یەکگرتویی و پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیانی ڕاستەقینە و بێ غەش ھەڵبژێرن."

هەروەها داواشی كردوە "سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانمان نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەر بن بە دڵسۆزی و بەبێ جیاوازی لە خزمەتی گەل و نیشتیماندا بن." و "حزبەکانمان دەست نەخەنە کاروباری خزمەتگوزاری و چاکسازی و پاکسازی حکومەت و حکومەت ھەوڵی بنبڕکردنی گەندەڵی و بەھەدەردان و فرەچەشنکردنی زیاتری سەرچاوەکانی داھات بدات بەتایبەت لە ڕێگای سەناعی، زەراعی کشتوکاڵ و حەیوانداریەوە."

هەروەها دواشی لە خەڵك كردوە "بیر لە خۆ بەڕێوەبەری و دروستکردنی کار و کەسابەتی سەربەخۆ بکەنەوە و جێگای ئەو ھەزاران ئاوارەیە بگرنەوە کە لە دەواجین، بەیتی پلاستیکی، شوانی، کرێکاری کارگە و ڕێستورانت و ھۆتێلەکان مانگانە دەیان ملیار دیناری کوردستان دەنێرنەوە ماڵ و وڵاتی خۆیان و خەڵکی خۆیشمان لە چوار بۆ پێنج کەسی سەرو ١٨ ساڵ لە ماڵێکدا تەنھا یەک کەسی کار دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×