پیاوێکی ئێرانی و دەستگیرانەکەی کە هەردوکیان تەمەنیان لە بیستەکاندایە، دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا بەیەکەوە لە شەقامەکەدا سەما دەکەن، سزای زیاتر له 10 ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ئاوێنه: بەپێی راپۆرتی BBC، هەردوکیان تۆمهتی پەرەپێدانی گەندەڵی و پڕوپاگەندە دژی رژمێی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان ئاڕاستهكراوه.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوەتەوە، دهردهكهوێت کە ئەو پیاوە و دەستگیرانەکەی لە نزیک "تاوەری ئازادی" لە تاران سەما دەکەن.
لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی ئێران سزای توندیان بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندوه کە گومانیان لێدهكرێت بەشداربن لە خۆپیشاندانەکاندا، ئەوەش دوای مردنی ژینا ئهمینی، كچه كوردی رۆژههڵاتی كوردستان كه لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەرکرابو.
سەرچاوەیەک بۆ BBC پشتڕاستی کردەوە، کە دەستگیرکردنی ئەو کەسە و دەستگیرانەکەی دوای ئەوە هات کە ڤیدیۆکەیان لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە کۆی گشتی فۆڵۆوەرەکانیان نزیکەی دو ملیۆنە.
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت کە حكومهتی ئێران بە "ئاژاوەگێڕی" وەسفی کردبو، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە مانگی 9ی ساڵی رابردودا لەکاتی دەستبەسەری پۆلیسدا، سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ئەو کچە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای پۆشینی توندی وڵات لە تاران دەستبەسەر کرابو.
ئەمیر محەمەد ئەحمەدی تهمهن 22 ساڵان و ئاستەش حەقیقی تهمهن 21 ساڵان تۆمەتبارن بە "بەرەوپێشبردنی گەندەڵی و پێشێلكردنی ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی نیزام".
هەریەکەیان بە کۆی گشتی 10 ساڵ و نیو زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا، کە سزایەکی هاوبەشە بۆ ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، بەپێی زانیارییەکان، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و جێهێشتنی وڵاتیشیان لێ قەدەغە کراوه.