بافڵ تاڵەبانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ: خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین
  2023-02-16       569       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی هەزاران مامۆستای وانەبێژی هەرێم كۆبوەوەو بەڵێیندا "خەم و كێشەكانیان لە ئەستۆ بگرن" و دەشڵێت، "لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی هەزاران مامۆستای وانەبێژ لە هەرێم کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ‏‎لە کۆبونەوەکەدا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم لەبارەی کێشەو گرفتەکانیان، دانەمەزراندن و بەهەندوەرنەگرتنی خواستەکانیان لەلایەن حکومەت و وەزارەتی پەروەردەوە، راپۆرتێکیان خستەڕو و لەچەند خاڵێکیشدا داواکارییەکانیان رونکردەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ‏‎لە بەرامبەردا جەلال تاڵەبانی، "پاڵپشتی خۆی و یەکێتی بۆ داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕی" و رایگەیاند، "یەكێتی ئەم پرسە گرنگە بەهەندوەردەگرێت، چونكە پەیوەستە بە زیاتر لە 30 هەزار مامۆستاوە كە بەشێكی گرنگ و كاریگەرن لەپرۆسەی پەروەردەو فێركردندا."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆكی یەكێتی وتیشی"نابێت چیتر خزمەت و هەوڵەكانتان نادیدە بگیرێت و كەمتەرخەمیتان دەرحەق ئەنجامبدرێت چونكە هیچ شانازییەك لە فەرامۆشكردن و نادیدەگرتنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگەدا نییە كە پەروەردەی منداڵەكانمان دەکەن. خەرجكردنی شایستە داراییەكانیشتان هەرجارەو لەژێر ناونیشانێكدا نیشانەی سەرسوڕمانەو مافخواردنێكی ئاشكرایە."

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، ‏‎لەبارەی گرنگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی"لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین و لە هەوڵەكانمان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەو شەرەفمەندانە بەردەوام دەبین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×