کۆنسوڵی ئەمریکا: پاشەکشەیەکی بێزارکەر لە بواری ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هەیە
  2023-02-16       802       

ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەوان زۆر "نیگەرانن" لەو "پاشەکشێ بێزارکەر"ـەی كە لە بواری ئازادی رادەربڕین، مافەكانی مرۆڤ، مافەكانی ژنان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ئاوێنە: كونسوڵی گشتی ئەمریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی روداو رایگەیاند،"من و تیمی کۆنسوڵخانە، شانازی بەو هاوبەشییەوە دەکەین کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی میدیا و بەرپرسانی کۆمەڵگەی بازرگانیی کوردستان دروستمان کردوە. ئێمە وەک ویلایەتە یەکگرتوەکان بەردەوام دەبین لە گەڕان بە شوێن دەرفەتەکاندا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، سەربازی، کولتوری، پەروەردەیی و بازرگانییەکان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق."

هەروەها وتیشی"هاوکات ئێمە نیگەرانین لە پاشەکشێ لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ، توندوتیژی لەسەر بنەمانی رەگەز و سەروەری یاسا، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ژنان و دەرفەتی یەکسان بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی پێکهاتەکانی کوردستان، هەروەها رێزلێگرتن و لێبوردەیی بەرامبەر کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئایینی کوردستان."

ئێرڤن هیکس وتیشی"ئێمە لێرە پاشەکشەیەکی بێزارکەر لەو بوارانەدا دەبینین، لە چەند بەشێکی دیاریکراوی هەرێمەکە. ئەم رەهەندانەی قبوڵنەکردن، لێدوانی دەمارگیرانە کە یارمەتیی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتو نادەن."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشدا "دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بکەم بەهۆی واژۆکردنی مەرجەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشمەرگە. هاوئاهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی، گرنگی دامەزراندنی هێزێکی بەهێز، کاریگەریی پیشمەرگە پیشاندەدات. ویلایەتە یەکگرتوەکان هێشتا چاوەڕێی پیشوەچونی زیاترە سەبارەت بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا. ئێمە، چاومان لەوەیە پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن تاوەکو بتوانین بەردەوامبین لە قوڵکردنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و کوردستان."

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش وتی"ئێمە، هەمیشە پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکەین، چونکە هەڵبژاردن هەمیشە دەرفەتێکە بۆ خەڵک بۆ بڕیاردان سەبارەت سەرکردایەتییان، کاتەکەشی پەیوەستە بە خەڵکی کوردستانەوە و ئێمە رێزی لێدەگرین. ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە؛ هەڵبژاردنەکان بە شێوازێکی رون و بێگەرد بەڕێوەبچن و، بەشێوەیەک بێت کە هیچ پرسیارێک لەبارەی شەرعیەت و وردیی پرۆسەکە هەڵنەگرێت، بەڵام ئێمە سەیری خەڵکی کوردستان دەکەین. سەبارەت بە کاتەکەش سەیری ئەوە دەکەین بزانین کەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن، چونکە دیموکراسی هەمیشە لە رێگەی پرۆسەی دەنگدانەوە دەبوژێتەوە."

 لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا و بڕیاری دادگای فیدراڵی كونسوڵی گشتی ئەمریكا وتی"وەک دەزانی، شاندێک ئێستا لە واشنتنە، وەزیری دەرەوە، وەک پێشتر وتم بەڕێوەبەرەکەم، باڵیۆز رۆمەناوسکی رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە لە یارمەتیدانی بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا. دەمەوێت بڵێم، ئەمە یەکەم شتی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە ئاڵنگارییەکانی وەکو بڕیاری دادگا. بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سەردانەین، بەڵام ئێمە بەردەوام لە پشتی پەردەوە خەریکی هاندان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش یان پەیوەندییەکی بنیاتنەرانەین. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دەبینین شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم ئاڵنگارییانەی لە پێشمانن و، ئێمەش بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی گفتوگۆ بۆ چارسەرکردنی ئەم پرسە قورسانە."

 لەبارەی بەرزبونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی لەبەرامبەر دیناری عێراقی وتی"سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، سەبارەت بە خستنەڕوی دۆلار، حکومەتی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق نییە. ئەو پرسەی ئێستا هاتوەتە ئاراوە بۆ ماوەی دو ساڵ بو کاری لەسەر دەکرا. ئەوەی ئێستاش رودەدات ئەوەیە: چەند کەسێکی دیاریکراو و چەند هاوبەشێکی دیاریکراوی ناوچەیی هەن، چەند چالاکییەکی تاوانکاری دیاریکراو هەن کە سیستەمی بانکی بەکاردەهێنن بۆ سپیکردنەوەی پارە و لە رێگەی نایاسایی دیکە، ئەوەش زیان بە ئابوریی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگەیەنێت. بۆیە ئەم پرۆسەیە لێرەدا بۆ ئەوەیە ئەم کەسانە وەدەربنرێن تاوەکو شەفافیەت هەبێت و، چالاکیی نایاسایی نەبێت کە لەلایەن سیستەمی بانکییەوە رێگەی پێنەدرابێت. ئێستا گفتوگۆی هەنوکەیی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئێمەدا هەن لەبارەی چۆنیەتی دانانی نەخشەڕێگەیەک، بە دانپێدانان بەوەی کە چەند ئاڵنگارییەکی هەنوکەیی سەبارەت بە خستنەڕوی دۆلار هەن. دەڵێم با چاوەڕێ بین و بزانین ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوە چ ئەنجامێکی دەبێت، بزانین ئەو پرۆسانە چی دەبن و بزانین چ گفتوگۆیەک کراوە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×