سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی نجوومی مورادی، کە پێشتر بە تاوانی ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.
ئاوێنه: بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 16ی شوباتی 2023، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەڵماس بە ناوی نجوومی مورادی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو ساڵ پێش، نجوومی مورادی تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی گوندی "هەرکیان" سەر بە شاری سەڵماس، بەتاوانی ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا ئێستا لە هیچ میدیاییەکی سهر به حكومهتی ئێران و دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.
بەپشت بەستن به ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی یهكی ئهمساڵدا لانی کەم سزای سێدارەی 20 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.