فرۆشتنى دۆلار گۆڕانى به‌سه‌ردا دێت
  2023-02-20       886       

لەئه‌مڕۆوه‌ بانکی ناوەندیی دۆلار بەکاش ناکاتە بازاڕەوە، بەڵکو لەڕێگەی سه‌كۆى ئەلیکترۆنیەوە دۆلار دەفروشێت، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت:"هەر بانک‌و کۆمپانیایەک پابەندی سه‌كۆكه‌ نەبێت، بێبەشدەبێت".

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى بڕیارێكى بانكى ناوه‌ندیی، دۆلاری کاش لەبازاڕ کەمدەبێتەوەو هەموو شتێک دەبێت بەدینار مامەڵەی پێوەبکرێت، هاوكات به‌م پێیه‌، بۆرسەو بازاڕی ڕەش نامێنێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"لەمەودوا بردنە دەرەوەی هەموو پارەیەک بەم ڕێسا نوێیە دەبێ كه‌ بانکی ناوەندی بۆ حەواڵەی دەرەکی، سەکۆ ئەلیکترۆنی ڕاگه‌یاندوه‌".

وه‌كو سۆران عومه‌ر باسیكردوه‌، "هەموو کۆمپانیاو کارگەو کارخانەو پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە ڕێپێدان‌و مۆڵەتیان هەیە، بەڵگەکانیان بەوەرگێڕانی یاسایی وەردەگێڕنەسەر زمانی عەرەبی‌و پێشکەشی بانکی ناوەندیی دەکەن، ماوەیەکیش دیاریکراوە بۆ ئەم بابەتە دوای 31ى 12ى 2023 ناتوانن بەشداریی لەو سەکۆ ئەلیکترۆنیەدا بکەن".

وتوشیه‌تى:"کڕینی موڵک لەدەرەوەی وڵات بەچوار ڕێکاری یاساییدا دەبێت تێپەڕێ، واتە هەموو پارەیەک کە دەچێتە دەرەوەی وڵات بەپارەی چارەسەری نەخۆشی‌و خوێندنیشەوه‌ پێویستە لەڕێگه‌ی ئەم سەکۆ ئەلیکترۆنیەوە بێت، جێبەجێکردنی ئەم ڕێسا نوێیانەی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ حەواڵەی دەرەکی هەرچەندە کاتی پێویستە، بەڵام جێگیری لەبازاڕی دراوو نرخی دینار دروستدەکات، ڕێگه‌ دەگرێ لەبردنە دەرەوەی دۆلارو سپیکردنەوەی پارە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×