دادگای فیدرالی عێراق سكاڵایەكی دژی مەسرور بارزانی لە بارەی موچەوە رەتكردەوە
  2023-02-20       968       

دادگای فیدرالی عێراق سكاڵایەكی لەدژی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتكردەوە كە لەلایەن ژمارەیەك خاوەن پێداویستی تایبەت و موچەخۆری چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی راگرتن و بڕینی موچەكانیان تۆماركرابو.

ئاوێنە: ژمارەیەك هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی (سەعید فەرەج ئەحمەد- حەمەكەریم محەمەد ساڵح- كەریم حەمەخواكەرەم- عەزیز رەحمان قادر- عەلی عەبدوڵا كەریم- دولبەر عەبدولقادر فەرەج- ئاسكۆڵ مستەفا عەلی- رەحمە رەحمان رەسوڵ) لەرێگەی پارێزەرێكەوە بەناوی (تەها ئیسماعیل قادر) لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردبو.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوای تەماشاكردنی سكاڵاكە، سكاڵای ئەو هاوڵاتییە كوردانەی رەتكردوەتەوە‌و وتوشیەتی، ئەم سكاڵایە لەچوارچێوەی پسپۆڕیی ئێمەدا نییە.

لە سكاڵانامەكەیاندا، ئەم هاوڵاتیانەی هەرێمی كوردستان وتویانە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 15/8/2015وە تاوەكو 1/12/2022 بەبێ بونی هیچ پاساوێكی یاسایی موچەكەی راگرتون كە بڕی (150 هەزار) دیناری مانگانەیە‌و چەندینجار لەرێگەی لایەنە تایبەتمەندەكانەوە داوای گەڕاندنەوەی موچەكانیان كردوە، بەڵام بێسود بوە.

هاوڵاتییە كوردەكان لە سكاڵاكەیاندا باسیان لەوە كردوە، بڕینی موچەكانیان پێچەوانەی هەردو ماددەی (29و 30)ی دەستوری عێراق‌و یاسای چاودێری كۆمەڵایەتی ژمارە (126)ی ساڵی 1980یە، لەگەڵ سكاڵاكەیاندا هەردو بڕیاری 57ی رۆژی 21/12/2015ی‌و بڕیاری 1515ی رۆژی 5/4/2016ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان هاوپێچ كردوە كە دوبارە رێكخستنەوە‌و پێداچونەوە بە موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان‌و چاودێری كۆمەڵایەتی دەكات.

سكاڵاكارە كوردەكان داوایان لە دادگای فیدراڵی كردوە، حوكمێك دەربكات‌و ئەو مامەڵەی حكومەتی هەرێم بە پێشێلكاری دەستورو یاسا ناو ببات‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم پابەند بكات بە خەرجكردنی هەمو موچەكانیان لەماوەی 15/8/2015وە بۆ 1/12/2022‌و خەرجی سكاڵاكە‌و پارێزەرەكەشیان بخاتە سەر ئەستۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×