پۆلیسی فیدراڵی: لەخورماتو دەستبەسەر زیاتر لە دو ملیۆن دۆلاردا گیرا كە هەوڵی بەقاچاخبردنی دەدرا
  2023-02-20       474       

پۆلیسی فیدرالی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە لە خورماتو هێزەكانیان لە سێ چالاكی هاوشێوەدا توانیویانە پێنج كەس دەستگیربكەن كە دوانیان ژن بون و زیاتر لە دو ملیۆن دۆلاریان پێبوەو ویستویانە بە قاچاخ ببینە دەرەوە.

ئاوێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هێزەكانمان لە خورماتو لەكاتی پشكنیندا لە یەكێك بازگەكانی خورماتو، سێ كەسیان لە ئۆتۆمبێلێكدا دەستگیركردون كە دوانیان ژن بون و دەستیشگیراوە بەسەر یەك ملیۆن و 410 هەزار دۆلار و هەروەها 300 هەزار یۆرۆ لە ئۆتۆمبێلەكەیاندا كە ئامادەكراوە بۆ بەقاچاخبردنی.

فەرماندەییەكە لە راگەیەندراوێكی دیكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە هەر ئەمڕۆ لە چالاكییەكی دیكەی هاوشێوەداو لە یەكێك لە بازگەكانی قەزای خورماتو هێزەكانیان تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە لە ئۆتۆمبێلەكەیدا دەستگیراوە بەسەر بڕی 150 هەزار دۆلار كە بەشێوەیەكی یاسایی هەوڵی بە قاچاخبردنی داوە.

هەروەها لە راگەیەندراوێكی دیكەدا فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاندوە، هەر ئەمڕۆ لە سێیەم چالاكی هاوشێوەدا، لە یەكێك لە بازگەكانی خورماتو تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە لە ئۆتۆمبێلەكەیدا بڕی 605 هەزارو 500 دۆلاری ئەمریكی پێبوە لەگەڵ دەمانچەیەك دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆمەتبارەكە پارەكانی لە كیسەدا و لە شوێنی جیاجیای ئۆتۆمبێلەكەیدا شاردبوەوەو هەوڵی داوە بە قاچاخ ئەو پارانە بەرێتەدەرەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكان، سەرحەم تۆمەتبارەكان و دەمانچەكەو پارەدەستبەسەرداگیراوەكان رادەستی لایەنی پەیوەندیداركراون بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×