سودانی: عێراق پەرۆشە بۆ بەردەوامیدان بە باشترین پەیوەندی لەگەڵ ئێران
  2023-02-22       324       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە پەرۆشی حكومەتەكەی بۆ بەردەوامیدان بە باشترین پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێكی یاوەری كرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە دیدارێكدا پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و ژمارەیەك پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی جێی بایەخی هەردولا، تاوتوێكران و جەختیش لە بەهێزكردنی ئاسۆكانی هاریكاریی نێوان هەردولا وڵات لە بواریی ئەمنی، ئابوری و كولتوری كرایەوە."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "محەمەد شیاع سودانی جەختی لە په‌رۆشیی حكومەتی عێراق بۆ به‌ردەوامیدان به‌باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوەو هەروەها خواستی عێراقی بۆ پته‌وكردنی هاریكاری و شەراكەتی نێوان هەردولا له‌بواره‌ جیاجیاكاندا دوپاتكرده‌وه‌."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیان جەخت لە قوڵیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ دەكاتەوەو خواستی وڵاتەكەیشی بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردولا دەربڕی و جەختیشی لە پابەندبونی حكومەتی ئێران بە هەر شتێك كردەوە كە ببێتە مایەی پێشكەوتن و بەرەوپێشچونی عێراق."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×