حکومەتی هەرێم بە دو شاند دەچێتەوە بەغدا
  2023-02-23       514       

بەبێ بەشداری تیمی وەزاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە دو شاندەوە دەچێتەوە بەغدا، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، هاتنی شاندەکان بۆ بەغدا "بەو پەرتەوازییەوە زیانی گەورە لەپێگەی هەرێم دەدات".

ئاوێنە: دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لە ساڵانی پێشوتریشدا کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر بودجە رێککەوتنیان دەکرد، بەهۆی پابەندنەبون بە رێککەوتنەکانەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەیان دەدا، بۆیە باوەڕی باشترین رێگە لەبەردەم حکومەتی هەرێم ئەوەیە مامەڵەیەکی تەندروستی لەگەڵ بەغدا بکات و حکومەتی فیدڕاڵیش بەهەمان شێوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رابردو کە هەمو لایەنەکانی کوردستان بەیەکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا کردوە و رێککەوتنەکانیش جێبەجێنەکراون، بەڵام لە سەردانی ئەمجارەی حکومەتی هەرێم، تیمی یەکێتی بەشدار نییەو ئەوەش کاریگەری لەسەر گفتوگۆکان دەبێت، چونکە یەکێک لە کێشەکان کە لە رابردودا زیانی گەورەی لەپێگەی کورد و هەرێم داوە ئەو پەرتەوازەییە بوە.

دوێنێش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری تیمی وەزاری یەکێتی کۆبوەوە و بڕیاریدا هەردو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە.

 لەماوەی 10 رۆژی رابردودا، شاندێکی حکومەت کە وەزیرێکی گۆڕان و وەزیرەکانی پارتی تیایدا بەشدارن و، پێکهاتون لە وەزیرانی دارایی، کارەبا، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆبونەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×